بەرپرسی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆماری عێراق گیانی لەدەستدا


کاروان ساڵحی

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆمار بە 964ـی راگەیاند، لیوا خۆشەوی عەلی بەرپرسی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆماری عێراق لە رووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لەنێوان عوزێم و خالس بووە، بە تەنیا بووە و ویستوویەتی لە بەغدا بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ئەگەرچی خۆی ماڵی لە هەولێرە، بەڵام کارێکی لە سلێمانی هەبووە و بەنیاز بووە سەرەتا بۆ ئەوێ بچێت.

964 وێنەی ئۆتۆمبێلەکەی بینیوە کە تۆیۆتا لاندکرۆزەرە و بە خراپی بەرکەوتووە.

تا ئێستا هیچ لایەنێکی دیکەی فەرمی لە پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ راگەیەندراوی نەبووە لەسەر رووداوەکە.