پاککردنەوە بۆ کێڵگەمینی کانی گۆیژ دەکرێت. فۆتۆ: دەزگای مین
دەبێتە شوێنی نیشتەجێبوون
کێڵگەیەکی مین لەنێو ماڵەکانی قەزای پێنجوێن پاکدەکرێتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە کێڵگەمینی کانی گۆیژ کە دەکەوێتە قەزای پێنجوێن، رووبەرێکی فراوان لە زەوی هەیە کە هێشتا لە مین پاکنەکراوەتەوە و نزیکە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان و مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە، دەزگای مین کاری پاککردنەوەی بۆ دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 9.10.2023، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای مین بە 964ـی راگەیاند، کاری پاکسازی وەک ھەڵکۆڵین و بێژانەوە و فەرشکردن و کۆکردنەوەی فەرشکردنەکە بۆ ئەو زەوییە ئەنجامدەدرێت و پاشان لەلایەن تیمی دەستییەوە پاکسازی لەو خۆڵە کۆکراوە پیسبووە دەکرێت .
“رووبەری زەوییەکە 12 هەزار مەتر دووجایە و پێشتر حەوت هەزار مەتر دووجای لێپاککراوەتەوە، ئێستا تەنیا پێنج هەزار مەتر دووجای ماوە کە پاکبکرێتەوە”، جەبار مستەفا وای وت.
پاش پاککردنەوەی ئەم کێڵگەیە، زەوییەکە لەلایەن دانیشتووانی قەزاکەوە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون بەکاردەھێندرێت، دەزگای مین وا دەڵێت.
حکومەتی هەرێم دهڵێت، توانیویەتی لە چوار ساڵی رابردودا و لە رێگەی دەزگای گشتیی کاروباری مینەوە، پێنج ملیۆن و 38 هەزار و 629 مەتر دوجا زەوی پاکبکاتەوە.
بەپێی ئهو داتایانهى كه حکومەت بڵاویكردووهتهوه، تەنیا لە ساڵی 2019-2020دا لە هەر چوار پارێزگاى هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 56 هەزار و 657 مەتر دوجا زەوی لە 68 کێڵگەی مین پاککراونەتەوە، کە تیایاندا پێنج هەزار و 92 مینی دژەکەسی و نۆ مینی دژە تانک و شهش هەزار و 759 تەقەمەنی جۆراوجۆر لەناوبراون.