کوردستان چەند و چۆن کارەبا بەرهەم دههێنێت؟
964+
دێسكی كوردی
هەرێمی کوردستان بۆ دەیەها ساڵە بە دەست ناجێگیری و کەمی کارەباوە دەنالێنێت سەرەرای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، بەڵام پێدانی کارەبا بە تێکرا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٦ کاتژمێرە، كه ههندێكجار لهو بڕهش كهمتره، لە کاتێکدا کەرتی تایبەتیش ٨ کاتژمێرەکەی دیکە پڕ دەکاتەوە بە نرخێکی گران.
هۆکارەکان زۆرن بۆ نەتوانینی حکومەت بۆ دابینکردنی ٢٤ کاتژمێر کارەبای بەردەوام، لەوانە سیستمی کۆنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابەشکردنی، دابیننەکردنی گازی سروشتی و سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، ههروهها زیادکردنی رێژەی دانیشتوان و بەشداربووانی کارەبا.
ئێستا وەزارەتی کارەبا یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار بەشداربووی هەیە، کوردستان کێشەی نەبوونی توانای بەرهەمهێنانی نییە، بەڵکو کێشەی نەتوانینی بەکارخستنی هەموو وێستگەکانی بەرهەهێنانی کارەبای هەیە بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە باسکرا.
بە تێکرا و بەم ژێرخانهی وزە، کە ئێستا هەیە، کوردستان دەتوانێت نزیکی ٧٠٠٠ مێگاوات بەرهەم بهێنێت لە رێگەی ١٤ وێستگەی کارەباوە، کە زۆر زیاتر لە پێویستی ناوخۆیه، بهڵام حكومهت ناتوانێت وزهی پێویست له گاز بۆ سهرجهم وێستگهكان دابین بكات، بۆیه ئێستا رێژهی بهرههمهێنان كهمتره.
لە هەرێمی کوردستان ٦ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە بە گازی سروشتی كاردهكهن، کە توانای بەرهەمهێنانی ٥٦٠٠ مێگاواتیان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە تەنیا کەمتر لە نیوەی توانایان کارەبا بەرهەم دێنن.
وێستگەکانی ماس لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک بە توانای ١٣٠٠ مێگاوات، وێستگەی کار لە هەولێر ٨٥٠ مێگاوات، وێستگەی بازیان لە سلێمانی ٤٥٠ مێگاوات و وێستگەی ئاگریکۆ لە سلێمانی ١٢٠ مێگاوات، ههروهها ٤ وێستگەی مۆلیدەی گەورە هەن، کە بە سووتەمەنی قورس وەک نەوتی رەش کارد ەکەن بە توانای بەرهەمهێنانی ٢٨٨ مێگاوات.
بەرهەمێنانی کارەبا لە وزەی خاوێن لە رێگەی ٣ وێستگەی هایدرۆ پاوەری – دوکان، دەربەندیخان، دێرەلوکەوەیە، ئەگەر بە تەواوی کار بکەن، دەتوانن ٦٨٠ مێگاوات بەرهەم بهێنن، جگه له وێستگەی هەڵمیی خەبات، كه توانای بەرهەمهێنانی ٣٠٠ مێگاواتی هەیە.
هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٥٠ مێگاوات لە رێی وزەی خۆرەوە بەرهەم دێنێت، بۆ دابینکردنی ٢٤ کاتژمێر کارەبا، هەرێم پێویستیی بە بەرهەمهێنانی تەنیا ٤٥٠٠ بۆ ٥٠٠٠ مێگاواتە، بەڵام ئێستا تەنیا ٣٥٠٠ مێگاوات بەرهەم دێنێ.
له پلانی حکومەتی ههرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە، دوو وێستگەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبا ههن، بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆک، کە هەر یەکەیان توانای بەرهەمهێنانی ٢٥ مێگاواتیان هەیە.
وێستگەیەکش بڕیار بوو لە سلێمانی دروست بکرێت بە هەمان توانا، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
لە ٢٠٢٢ حکومەتی هەرێم چەند گرێبەستێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان واژوو کردووە، بە پێی گرێبەستەکان تا ٢٠٢٨ بەرهەم هێنانی کارەبا لە رێگەی خۆرەوە بۆ ١٨٩٠ مێگاوات بەرز دەبێتەوە، ئەگەر پرۆژەکان جێبەجێبکرێن، بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بۆ نزیکەی لە سەدا ٥٠ زیاد دەکات لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا.
ئێستا وزەی خۆر تەنیا لە سەدا ٥ی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە هەرێمدا.
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی وزەی ئەمەریكا، ماڵهكان و خاوەن کارەکان، ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنن، بەڵام تا ئێستا ئەم بڕە کارەبایه تێکەڵ بە هێڵی نیشمانی نەکراوە.
وەک هاندانێک لە ٢٠٢٢حکومەتی هەرێمی کوردستان بریاڕی دا بڕی کارەبای زیادە لە ماڵان بکڕێتهوه، ئەگەر بەشداربووان (سۆلەر پانێل) لە سەر ماڵەکانیان دابنێن بۆ دابینکردی کارەبا بۆ خۆیان، ئەگەر ئەم بڕیارەش جێبەجێ بکرێت، ماڵان لە کاتی زیادەی کارەبای بەرهەمهێنراو دەتوانن بە وەزارەتی کارەبای بیفرۆشن، دواجار وەزارەتی کارەبا دەتوانێت داشکاندن بکات بۆ ئەو ماڵانەی کارەبایان بە حکومەت داوه، بۆ نموونە ئەگەر ماڵێک ٤٠ هەزار دینار پسووڵهی مانگانەی کارەباکەی بێت، بەڵام بایی ١٠ هەزار کارەبای بهرههمهێنراوی خۆی دابێت بە حکومەت، ئەوە تەنیا ٣٠ هەزار دینار بە وەزارەتی کارەبا دەدات.
بە پێی سیستمی نوێ، کارەبای بەرهەمهاتووی ماڵان، تێکەڵ بە سیستمی مەرکەزی دەکرێ بۆ بەکارهێنان لە لایەن بەشداربووانی دیکەوە، بۆ ئەمەش سیستمی دانانی پێوهری زیرەک یارمەتیدەرەوە بۆ پێوانەکردنی کارەبی هاتوو و رۆشتوو بۆ بەشداربووان.
بە پێی وەزارەتی کارەبا، ئێستا یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەشداربووی سیستمی زیرەکیان هەیە و کۆی تێچوی پرۆژەکە ٢٥٣ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، بە پێچەوانەی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێم هاندانی دارایی نادات بە بەشداربوان بۆ دانانی سۆلار پانێل.
حکومەتی عێراق بری ١٨ ملیۆن دینار وهك قەرز بە هەر بەشداربوویەک دەدات، کە بیهوێت کارەبا بەرهەم بهێنێ لە رێگەی وزەی خۆرەوە، بەڵام دیار نییە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بەشداربوانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.