برنجی مانگی هەشت بوو
برنجەکەی سەیدسادق پڕ بووە لە ئەسپێ و کرم
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو برنجەی وەک بەشە خۆراکی مانگی هەشت بەسەر بریکارەکانی خۆراک لە سەیدسادق دابەشکراوە، پڕە لە ئەسپێ و کرمی هەڵهێناوە، قایمقامی قەزاکە بە 964ی وت، “نوسراو دەکەین تا برنجەکە بکشێننەوە”.
بە گوێرەی هەندێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بۆ 964 نێردراون، لە سەیدسادق، ئەمڕۆ هەینی، 6.10.2023، برنجی مانگی هەشت بەسەر بریکارەکانی خۆراکی ئەو قەزایە دابەشکراون.
وا پێشبینی دەکرێت بەهۆی زۆری مانەوەی لە کۆگاکاندا، برنجەکە “ئەسپێ و کرمی” دروست کردبێت، بەوتەی یەكێک لەو کرێکارانە بێت، کە برنجیان بەسەر بریکارەکاندا دابەشکردووە و بۆ 964 قسەی کرد، “زۆرینەی ئەو برنجەی ئەمڕۆ دابەشیان کردووە، کرم و ئەسپێی دروستکردووە”.
بەشەخۆراکی مانگی هەشت دابەش دەکرێت
لە بارەی چارەنووسی ئەو برنجە و دابەشکردنی بەسەر بریکارەکانی خۆراکدا، رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بە 964ی وت، ” لە پەیوەندییەکەی ئێوەوە، بەم حاڵەتەم زانیووە، ئێستا لیژنەی ئابووری لە بوونی ئەو برنجە ئاگادار دەکەمەوە، ئەگەر پشتڕاست کرایەوە، تیمەکان رادەسپێرم دەستی بەسەردا بگرن”.
بەوتەی قایمقامی قەزای سەیدسادق بێت، “ئەوەی رۆژانە دێتە قەزاکە هەمووی دابەشدەکرێت، چونکە ئەوان کۆگایان نیە، تا خۆراکی مانگانەی خەڵک و دانیشتووانی قەزاکەی تێدا هەڵبگرن”.
ئەو وتی، ئەو برنجەی کۆگا دەکرێت، لە سلێمانییەوە هاوردەی سەیدسادق کراوە، “بە نوسراوی فەرمی داوا لە بەڕێوبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک دەکەین لە سلێمانی تا ئەو برنجەی هاتووتە قەزاکە بیکشێننەوە” رەزا محەمەد وای وت.