دیمەنێک لەناو بازاڕی قەڵادزێ. وێنە: 964
"کۆچی گەنجان بەرە کۆمەڵگەیەکی پەککەوتە دەمانبات"
قایمقامی پشدەر: بازرگانان سەرمایە بەگەڕ ناخەن و گەنجان کۆچ دەکەن
964+
محەمەد عەلی – پشدەر
بەوتەی قایمقامی پشدەر بێت، “دووری جوگرافی و بەگەڕ نەخستنی سەرمایە لەلایەن بازرگانانەوە، دوو لە هۆکارە سەرەکییەکانن کە بڕیاری کۆچی رووبەروی گەنجانی پشدەر کردووەتەوە”.
بە گوێرەی دواین داتا بێت، لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا، ئەو گەنجانەی لە سنووری پشدەر بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە ژمارەیان گەیشتووەتە حەوت هەزار و 450 کەس.
بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە 964ـی وت، “هەڵکەوتەی جوگرافی پشدەر، کە ناوچەیەکی دوورەدەست و لە دەرەوەی شارە گەورەکانە، بووە بە هۆکاری ئەوەی بازرگان و خاوەن سەرمایەکان ئامادە نەبن، سەرمایەکانیان بەگەڕ بخەن، تا هەلی کار بۆ هاوڵاتیان و گەنجان دەستەبەر بکرێت”.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 7 هەزار گەنجی سنووری پشدەر کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە
وتیشی، “حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، چەند ساڵە پلانی دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکانی نییە”، ئەو هۆکارانەش وایکردووە، گەنجان کەمترین فرسەتی کاریان دەستبکەوێت، بۆیە بەناچاری بۆ دۆزینەوەی هەلی کار روو لەوڵاتانی ئەوروپا دەکەن.
بەوتەی قایمقامی پشدەر بێت، کاریگەریی کۆچی ئەو ژمارەیە لە گەنجانی پشدەر، بەڕوونی لەئێستادا هەستی پێدەکرێت، کە هەر گوزەرێک بەناو بازاڕدا بکەیت، زۆرینەی ئەوانەی بەرچاو دەکەون بە تەمەن و بەساڵاچوانن و کەمتر گەنج دەبینرێت. وتیشی، “دووساڵ لەمەوبەر هۆشداریمداوە بە حکومەت کە فریای پشدەر نەکەون دەبێتە مەملەکەتی پیر و پەککەوتە و بەساڵاچووان”.