بۆ 11 هەزاریان کراوە

بە ئەلیکترۆنیکردنی موچەی خانەنشینان لە سلێمانی راگیراوە

پێشەوا محەمەد

دوای بەئەلیکترۆنیکردنی موچەی 11 هەزار خانەنشین، بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی پڕۆسەکەی راگرتووە و بەڕێوەبەرکەشی دەڵێت، نازانێت هۆکارەکەی چییە.

پڕۆسەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێکرد و ئامانج لێی ئەوە بوو خانەنشینان بە کارتی ئەلیکترۆنی موچەکانیان وەربگرن و نەچنە بەردەم بانکەکان و لە قەرەباڵغیدا بووەستن.

964 دەزانێت، زیاتر لە 90  هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی لە بانکی مەڵکەندی موچە وەردەگرن و بڕیارێکیش هەیە موچەی سەرجەم خانەنشینانی سنوورەکە بخرێتە سەر ئەو بانکە.

شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی بە 964ـی وت، “موچەی 11 هەزار خانەنشین بە ئەلیکترۆنی کراوە و ئێستا بە کارت موچەکانیان وەردەگرن، بەڵام پڕۆسەکە وەستاوە”.

964 سەبارەت بە هۆکاری وەستانی پڕۆسەکە پرسیاری لە بەڕێوەبەری بانکەکە کرد، ئەویش وتی، “لە وەزارەتی داراییەوە پڕۆسەکە راگیراوە و هۆکارەکەشی نازانین”.