بانکی ناوەندیی عێراق: دۆلار ناگاتە 170 هەزار دینار
964+
ژووری هەواڵ
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، نرخی 100 دۆلار ناگاتە 170 هەزار دینار و ئەوان تەنیا حەواڵەی دەرەکییان بە دۆلار راگرتووە.
بانکی ناوەندیی لە بەرامبەر راپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئاژانسی رۆیتەرز ئەم راگەیاندراوەی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا مازن ئەحمەد بەرپرسی وەبەرهێنان و حەواڵەی دەرەکی لە بانکی ناوەندیی عێراق قسەی کردووە.
بانکەکە ئاژانسەکە تۆمەتبار دەکات بە دەستکاریکردنی قسەکانی مازن ئەحمەد.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز بێت، ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی وتوویەتی، “لە 1ـی 1ـی 2024ـەوە چیتر راکێشانی دۆلار نامێنێت و تەنیا دینار رێگەپێدراوە”.
“ئەوانەی لە 2023 دۆلار لە بانک دادەنێن لە 2024یشدا دۆلار وەردەگرنەوە، بەڵام لە سەرەتای 2024ـەوە دۆلاریش دابنێی هەر دینار وەردەگریتەوە”، راپۆرتەکەی رۆیتەرز لە زاری مازن ئەحمەدەوە بڵاویکردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، بانکی ناوەندیی دەڵێت، ئەو قسانە بەو جۆرە نین، “لە 2024یشدا دۆلار دابنێی هەر دۆلار وەردەگریتەوە، تەنیا حەواڵەی دەرەکی بە دینار رادەستی هاوبەشەکان دەکرێت، ئەویش بۆ هەر 100 دۆلارێک 131 هەزار دینار دەبێت”.
لەبارەی 170 هەزار دینارەکەشەوە، بانکی ناوەندیی رەتیدەکاتەوە ئەوە بۆچوونی ئەوان بێت، دەڵێت، “ناهێڵین بگاتە 170 هەزار دینار”.
ساڵانە بانکی فێدراڵی ئەمریکا 10 ملیار دۆلاری کاش دەدات بە عێراق بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام ئەو وڵاتە نیگەرانە لەوەی بە چەندین رێگای جیاواز دۆلار هەناردەی ئێران دەکرێت و بۆ ئەوەش رێکاری تووندی گرتووەتەبەر.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، تیمەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەمریکا بوو، داوای ملیارێک دۆلاری کاشیان لە کۆشکی سپی کردووە، بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە پێیان بدەن تاوەکو دڵنیا نەبن لە نەگواستنەوەی بەشێکی بۆ ئێران.
ئەو رێکارانەی ئەمریکا عێراقی ناچارکردووە بیگرێتەبەر خۆی دەبینێتەوە لە قەدەغەکردنی حەواڵە بە دۆلار، قەدەغەکردنی راکێشانی دۆلار لە ئامێرەکانی ATM، دیاریکردنی بڕێکی دیاریکراوی دۆلار بۆ کەسێک کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکات و هەروەها بارزگانانی عێراقی کاتێک داوای دۆلار لە بانکی ناوەندیی دەکەن پێویستە بیسەلمێنن شتومەکەکانیان راستەقینە و بێ غەل و غەشن، لەگەڵ چەندین رێکاری دیکە.