ئەپڵ ناتوانێت ئایفۆنە نوێیەکەی بەرهەم بهێنێت

+964

بڵند عوسمان – هەولێر

لە نوێترین زانیارییە دزەپێکراوەکاندا دەرکەوتووە، ئەپڵ ناتوانێت ئایفۆنی SE  نەوەی چوارەم بەرهەم بهێنێت بەهۆی قەیرانی دەستکەوتنی کەلوپەلەکانی بەرهەمهێنان لە چین.

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکانی   Ming-Chi Kuo بێت، ئەپڵ ناتوانێت بە رێژەی پێویست ئایفۆنەکانی بەرهەم بهێنێت، لە دوای ئەوەی زۆربەی کارگەکانی داخران لە چین بە بیانوی قەدەغەی هاتوچۆ و هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

Ming-Chi Kuo شیکەرەوەیەکی ناسراوی بواری تەکنەلۆجیایە، سەرچاوەیە بۆ بەشێک لە میدیاکانی جیهان بۆ هەواڵی سەبارەت بە ئەپڵ و پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ لقی ئاسیای کۆمپانیاکە.

ئەو دەڵێت، ئەپڵ توشی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە بەتایبەت لە بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکانیدا، هەر بۆیە رەنگە نەتوانێت نەوەی نوێی ئایفۆن SE  بەرهەم بهێنێت یاخود دوای بخات بۆ ساڵی 2024.

ئایفۆن SE جۆرێکی تایبەتی ئایفۆنە کە ئەپڵ ساڵانە بە جیا رایدەگەیەنێت، گرنگی ئەم زنجیرەیە لە نرخەکەیدایە کە کەمترە بەراورد بە زنجیرەی سەرەکی ئایفۆن.