بریندارەکانی حەمدانیە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر. وێنە:964
بۆ كام وڵات؟
وه‌جبه‌ی سێیه‌می بریندارانی حه‌مدانیه ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه كران
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
ئێواره‌ی ئەمڕۆ دووشەممە نووسینگەی محەممەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، گواستنەوەی وەجبەی سێیەمی بریندارانی رووداوەكەی حەمدانیەی بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات راگه‌یاند.
نووسینگه‌ی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، وەجبەی سێیەمی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئەنجامی رووداوی ئاگركەوتنەوە له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕان له قەزای حەمدانیە بریندار بوون، ئێوارەی ئه‌مڕۆ دووشەممە گواسترانەوە بۆ چارەسەركردن لە دەرەوەی عێراق، كە ژمارەیان هه‌شت بریندارە.
ئه‌و بریندارانه له نه‌خۆشخانه‌كانی نەینەوا، دهۆك و هەولێرەوە چاره‌سه‌ریان وه‌رده‌گرت، لەگەڵ سەرپەرشتیارەكانیان و بە یاوەری تیمێكی پزیشكی تایبەتمەند ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه كران.
راگه‌یاندراوه‌كه باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه، برینداره‌كان بۆ كام وڵات گواستراونه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی راگه‌یاندراوه، ژماره‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی تا ئێستا بۆ چاره‌سه‌ر براونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ژماره‌یان بووه 20 كه‌س.
شەوی 26.9.2023 لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێكی بووکگواستنەوە ، ئاگر لە هۆڵه‌كه کەوتەوە، تەندروستیی نەینەوا لە نوێترین ئاماردا ده‌ڵێت 113 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه، كه 41 ته‌رم تا ئێستا نه‌ناسراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها زیاتر له 100 كه‌س بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق دوێنێ ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، یارییە ئاگرییەکان بووە و به دەستی ئەنقەست نەبووە