پسپۆڕێکی روەکناسی وەڵام دەداتەوە

ئایا دەکرێت خورما لە کوردستان بچێندرێت؟

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

پسپۆڕێکی بواری روەکناسی دەڵێت، چەند جۆرێکی داری خورما هەن دەتوانرێت لە کوردستان بچێندرێت و بەرهەمی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، لەشاری کەرکوک کۆلێژی کشتوکاڵی کەرکوک فێستیڤاڵێکی بۆ جۆرەکانی خورما رێکخستبوو، زیاتر لە 30 جۆر خورما نمایشکرا بوون.

د.کەریم عەبدوڵا سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە 964ی وت، بەبەشداری شەش پارێزگا و چەند قەزا و ناحیەیەکی کەرکوک ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوەچووە، ئەمە دووەم ساڵە خورمای جۆراجۆری لێ نمایش دەکرێت.

چەند جۆرێکی داری خورما هەن دەکرێت لە کوردستان بڕوێن و بەرهەمیشیان دەبێت، بە تایبەت هەریەکە لە جۆرەکانی خەزراوی و سوکری، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەتەواوی ژینگەی کوردستان گونجاوە، ئەو کات لەبری ئەوەی بڵێین “خورما لە خاڵس زۆرە دەتوانین بڵێین لە کوردستان خورما زۆرە”. ئەمە وتەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بوو.

ئەو پارێزگایانەی بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردووە هەریەکە لە پارێزگاکانی کوت، بابل، تکریت، کەربەلا و سامەرا بوون.

لە فێستیڤاڵەکە گرانترین جۆری خورما کە نمایشکرا بوو، مەجهول و چپ چپی کەربەلایە نرخی یەک کیلۆی 15 هەزار دینارە و لەکاتێکدا لە مانگی رەمەزان دەگەیشت بە 20 دۆلار.

عێراق دەیەوێت هێندەی تر خورما لە بەغدا زۆر بکات

عێراق دەیەوێت هێندەی تر خورما لە بەغدا زۆر بکات

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی