بە سێ جۆر ھاوکاری ھانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال دەدرێت

964+

دیسکی عەرەبی – شنگال

رۆژی دووشەممە لە ناحیەی قەحتانییە لە قەزای شنگال، دوای هەشت ساڵ لە ئاوارەبوون ٨٩ خێزان لە کەمپی سەردەشتەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێن خانووەکانیان بۆ نۆژەن دەکەنەوە و هاوکاری داراییان پێشکەش دەکەن.

خەڵکی شنگال بە گەڕانەوەی ئەو ٨٩ خێزانە دڵخۆشبوون، بە پێشکەشکردنی خواردن و شیرینی پێشوازییان لێکردن.

عەلی شەبۆ، رێکخەری رێکخراوەکان لە کەمپی سەردەشت بە 964+ی راگەیاند، پرۆژەیەک راگەیەندراوە بۆ پاڵپشتیکردن و هاندانی ٦٠٠ خێزان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شنگال و سێ جۆر ھاوکارییان پێشکەش دەکەن.

هاوکارییەکان لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران (IOM)  پێشکەشدەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن و دۆخی ئابوری خۆیان باشتربکەن تا ئەوکاتەی دەتوانن ئاشنا ببنەوە بە کۆمەڵگە.

جۆری یەکەمی هاوکارییەکان بریتیە لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیان و پێدانی بڕی ١٠٠ دۆلار بۆ کرێی گواستنەوە، دوای نیشتەجێبوونیان لە خانووەکەدا بڕی ١١٥٠ دۆلاری تریش وەردەگرن.

جۆری دووەمی هاوکارییەکان بۆ ئەو خێزانانەیە کە خانووەکانیان زیانی پێنەگەیشتووە، رێکخراوەکە بڕی ١٧٠٠ دۆلاریان پێدەدات و پرۆژەیەکی تایبەت بە خۆیان بۆ دەکاتەوە.

جۆری سێیەم بریتیە لە پێدانی ١٧٠٠ دۆلار بە ئاوارەکان لەگەڵ دابینکردنی ھەلی کار بۆ سێ ئەندام لە ھەر خێزانێک بۆ ماوەی سێ مانگ.

بە وتەی قەحتان خەلیل چالاکوانی مەدەنی، ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال، ١٨ ھەزار کەس لە قەزای قەحتانیە ئاوارە بوون و هەڵهاتن بۆ سەر چیای شنگال، ھەرێمی کوردستان، تورکیا و سوریا، لەو کاتەوە تەنیا نزیکەی سێ ھەزار کەس گەڕاونەتەوە بۆ قەزاکە.