چوار دوکانی زێڕفرۆشیی لە هەولێر مایەپووچ بوون

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

لە سنوری پارێزگای هەولێر، ٦٦٠ دوکانی زێڕینگەری هەیە و لە ماوەی ساڵێکدا چواریان مایەپووچ بوون، بە قسەی سەندیکای زێڕینگەران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، هەندرێن وەرتی، وتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر بە  964+ی وت، هۆکاری ئەو مایەپووچبوونانە بریتیە لە ناجێگیریی نرخی زێڕ لە بازاڕدا.

964+ پرسیاری کرد، ئایا پرۆسەی هێنان و بردنی زێڕ چۆنە لە هەرێمی کوردستان، هەندرێن وەرتی باسی لەوە کرد، لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ژووری کوالیتی کۆنترۆڵ نییە بۆ هێنانی خشڵ، هەر بۆیە حکومەت هیچ داتایەکی لەبەردەست نییە لەبارەی قەبارەی هاوردەکردنی زێڕ.

وتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لە کزیی ئاستی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ شارەکانی تری عێراق، وتی، “ئاستی مامەڵەی بازرگانیمان لەگەڵ شارەکانی تری عێراق لاوازە، هیچ داتایەکمان لەبەردەست نییە کە نیشانی بدات قەبارەی مامەڵەکە لە چ ئاستێکە، چونکە فڕۆکەخانەی هەولێر داتامان پێنادات، بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆریی خشڵ، لە ساڵی ٢٠١٦ داوای لە فڕۆکەخانەی هەولێر کردووە، کردنەوەی ژووری چاودێری هێنانی زێڕ بکرێتەوە، بەڵام فڕۆکەخانەی هەولێر رەزامەندی نیشان نادات”.

سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر بارەگای سەرەکی لە شاری هەولێرە، لە سنووری ئەو پارێزگایە نوێنەرایەتی ٦٦٠ دوکانی زێڕفرۆشیی دەکات.