دیمەنێک لە سەنتەری قەزای پێنجوێن _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پێش ناڕەزایەتی چارەسەر ببێت
پێنجوێن سێ رۆژە سێ سەعات کەمتر کارەبای پێدەدرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە پێنجوێن سێ سەعات کەمی کردووە، بە وتەی قایمقام بێت، “گرفت لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزە هەیە بۆ پێنجوێن”.
ئەو قەزایە کە 16 هەزار بەشداربووی کارەبای هەیە، پێویستی بە 35 مێگاوات کارەبای بەردەوام هەیە، تا خواستی قەزاکە بە تەواوی پڕبکاتەوە بۆ 24 سەعات پێدانی کارەبا.
بەڵام، ئەمرۆ شەممە 30.9.2023، زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ی وت، “لە دۆخی ئێستادا کەمتر لە 30 مێگا کارەبامان پێدەگات، ئەوەش بۆ دۆخی ئێستای خەڵک تاڕادەیەک ئاساییە، چونکە پلەکانی گەرمای بە رادەیەکی زۆر دابەزیون”.
هاوڵاتیان ماڵئاوایی لە گیزەری کارەبایی دەکەن
پێنجوێن بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما تێیدا، کە زۆرجار دەچێتە ژێر سفر، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کارەبای 24 سەعاتی پێدەدرێت، کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەباش ناڕەزایەتی بەدوادا هاتووە.
قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، “بەشی رۆژهەڵاتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی، ئاگاداری کردووین کێشەکە تەکنیکییە و هۆکار نەگەیشتنی بەشێک لە فیدەرەکانی کارەبایە بۆ قەزاکە و چارەسەری دەکەن، کە ئێمەش لەگەڵ ئەوەین پێش دروستبوونی ناڕەزایەتی چارەسەر ببێت”.