لە پلە سێ بوون بە پلە دوو

فیفا لە هەولێر سەرکەوتووانە خولی ناوبژیوانی خانمانی کۆتایپێهێنا

خولێکی ناوبژیوانی بۆ ژنانی ناوبژیوان بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کە بە فیفا ناسراوە لە هەولێر کۆتایی هات.

خولەکە پێنج رۆژی خایاندووە و 25 ناوبژیوانی ژن تێیدا بەشداربوون و بڕوانامەشیان وەرگرتووە.

مەروا ساجدی لە کەرکوکەوە بەشداری کردبوو بە 964ی وت، “من پێشتر بەشداریم لە خولەکاندا کردبوو وەکو ناوبژیوان، بەڵام ئەم خولە ئەزموونی منی باشتر و زانیارییەکانمی زیاتر کرد، ئێمە دەمانەوێت ببینە نموونە بۆ کچان بۆ ئەوەی زیاتر لە وەرزش و بواری ناوبژیوانی بێنە پێشەوە”.

مەروا کە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانە و مامۆستاشە وتیشی، “ناوبژیوانی خولیامانە و ئێستا بەتەواوی بۆ کاری ناوبژیوانی ئامادەم، لە هەر خولێک پێویست بکات”.

بەشداربووانی ئەم خولە ناوبژیوانی پلە سێ بوون، دوای ئەم خولە بوون بە پلە دوو، لە خولەکانی لاوان و تازەپێگەیشتووانی کوردستان و عێراق دەتوانن ناوبژیوانی بکەن.

بەهرە محەمەدئەمین