هەشتەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بێ بەشداری تیمی یەکێتی بەڕێوە دەچێت

باسی نەوت و بودجە دەکەن

+964

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ـی کانونی یەکەم، ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوەو ئەمە هەشتەمین کۆبوونەوەیە بێ بەشداری تیمی یەکێتی ئەنجامدەدرێت.

تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجە، نەوت و غاز، دەروازە سنورییەکان و دیوانی چاودێری دارایی.

هاوکات لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەسەر پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییانە دەکرێت کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی پێشکەشی دەکەن.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەش، پلانی ساڵی ٢٠٢٣ـی ئەنجومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا دەخرێتەڕوو.