هۆکارەکەی دیاریکراوە
“زەردبوونی گەڵای دارەکانی شەقامی 60 مەتریی هەولێر هی تینوێتی نییە”
964+
شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر
گەڵای بەشێک لە دارەکانی شەقامی 60 مەتریی هەولێر زەرد بوون و هەڵدەوەرن، 964 بەدواداچوونی بۆ کرد و بەڕێوەبەری پارکەکانی هەولێر دەڵێت هۆکاری ئەوە گۆڕانی وەرزە و کەمئاوی نییە.
ئەو دارانەی وایان لێهاتووە لەنێوان 700 بۆ 1000 دار دەبن و لە جۆری داری لانکسترۆمن و لە تورکیاوە هێندراون.
“هەموو هاوینێک گەرمای بەهێز وا لە گەڵای ئەو دارانە دەکات و لە مانگی 10ـەوە دەست بە سەوزبوونەوە دەکەنەوە”، ئەوە قسەی رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێرە بۆ 964.
دەشڵێت، بۆ رێگرتن لە وشکبوونی داری پارک و باخچەکانی هەولێر سوودیان لە ئاوی بەکارهاتوو وەرگرتووە و رۆژانە بە تانکەر یان بە قەترە دارەکان ئاو دەدەن.
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەمساڵدا زیاتر لە سێ ملیار لیتر ئاوی بەکارهاتوو، دووبارە بەکارهاتووەتەوە بۆ ئاودانی پارک و باخچەکان و دارەکانی ناوەندی شەقامەکان.
هەولێر چارەسەری وشکبوونی پارکەکانی کرد
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد