لقی هەولێری سەندیکای رۆژنامەنوسان داوای پاکسازیی لە لیستی ئەندامەکانی دەکات

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان رەخنەی توند لە ئەنجومەنی سەندیکاکەی دەگرێت و داوادەکات پاکسازیی بکرێت لە لیستی ئەندامەکانیدا، “چونکە زۆر و بۆرن، ساڵانە لە دوو هەزار و 500 ئەندام، تەنیا 100یان ئابوونە دەدەن”.

سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رۆكى لقى هه‌ولێری سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان، پێیوایه‌ تاوەکو لیستى ئه‌ندامانى سه‌ندیكا پاک نەکرێتەوە، هیچ ده‌زگا و ناوه‌ندێك خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ رۆژنامه‌نووسان ناكات.

ئه‌مە دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى عێراق داوای له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وڵاتەکە کردووە، چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیی و نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ رۆژنامه‌نووسان و خێزانه‌كانیان به‌ خۆڕایی دابین بکات و بڕیاری لەسەر دراوە.

سمکۆ عەبدولکەریم بە 964+ی وت، ره‌خنه‌ى توندی له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاكه‌ی هەیە و بە “کەمتەرخەم” ناوی بردن، “سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسان زۆر كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌ رووى دابینكردنى خزمه‌تگوزارى جیا جیا بۆ رۆژنامه‌نوسان، هیچ هه‌وڵێكی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نه‌داوه‌”.

باس له‌وه‌ش‌ ده‌كات، كه‌ له‌ ساڵى 2011 سندوقێكیان بۆ هاوكارى و كۆمه‌كى رۆژنامه‌نوسان دروستكردووه‌، نزیكه‌ى 30 رۆژنامه‌نوسیش سوودمه‌ندی ئه‌و سندوقه‌ بوون، به‌ڵام ده‌ڵێ “دروستكردنى ئه‌م سندوقه‌ ده‌ستپێشخه‌رى لقی هه‌ولێر بوو، نه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاوه‌ كرابێ”.

+964 ده‌زانێت، سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى كوردستان نزیكه‌ى نۆ هه‌زار ئه‌ندامى هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بووەته‌ جێگه‌ى تێبینی و سه‌رنج به‌ لاى زۆرێك له‌ ده‌زگا و ناوه‌نده‌كانى هه‌رێم، ته‌نانه‌ت سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم ده‌ڵێ، “به‌هۆى ئه‌و زۆریه‌ى ژماره‌ى ئه‌ندامان، بڕیاری ئه‌ژماركردنى خزمه‌تى رۆژنامه‌نووسیش له‌لایه‌ن حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراوه‌”.