لەو شوێنە كرێكارێك گیانی لەدەستدا بوو

ته‌واونه‌كردنى پڕۆژه‌یه‌ك بازاڕى ته‌یراوه‌ى سستكردووه‌

964+

ئەحمەد شەمزین – هه‌ولێر

ئەو پرۆژەیەی ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌ هه‌ولێر كرێكارێك تیایدا گیانی لەدەستدا، وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا تەواو نەكراوە، خاوه‌نكاره‌كانى نزیك له‌و پڕۆژه‌یه‌ش ده‌ڵێن، پڕۆژه‌كه‌ كه‌سابه‌تى ئه‌وانى سست كردووه‌.

پرۆژەكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كى ته‌یراوه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامى 30 مه‌ترى، ئه‌و كرێكاره‌ى كه‌ تیایدا گیانی لەدەستدابوو، خەڵكی گوندێكی قه‌زاى ئاكرێ بوو.

محه‌مه‌د عه‌بدولعه‌زیز خاوەنی فرۆشگایەكی جوانكاریه‌ بە 964ـى وت، بازاڕیان بەشێوەیەك خراپە خه‌ریكن به‌یه‌كجارى كه‌لوپه‌لى دوكانه‌كه‌ى هه‌راج بكات و دایبخات.

وتیشی “كرێی دوكان لێرە 800 هەزارە، رۆژانە بایی 20 هەزار دەفرۆشین لە كاتیكدا پێشتر رۆژانە بایی 200 هەزار دینار شتمان دەفرۆشت”.

تریفە عەساف بەرێوه‌بەری شارەوانی یەك بۆ 964 رایگەیاند، ناتوانێت قسە لەسەر ئەم پرۆژەیە بكات چونكه‌ ده‌ڵێت “نوێنەرێكمان چاودێری ئەم پرۆژەیە دەكات ئاگاداری گۆڕانكاریەكانە”.

له ‌په‌یوه‌ندیه‌كیشدا، ئەندازیار رێباز ساڵح نوێنەری شارەوانی یەك لەم پرۆژەیە بە 964ـى وت “كارەكانى پڕۆژه‌كه‌ %70 تەواو بووە دەبوو لەماوەی چوار مانگ تەواو ببوایه‌”.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ هۆكارى ته‌واونه‌كردنى بۆ هاتنى هه‌ردوو جه‌ژنى قوربان و ره‌مه‌زان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ‌و ده‌شڵێت “ئەوەی ماوە قیرتاوكردنی رێگاكە و كۆنكرێتكردنی مەزراكانە لەماوەی مانگێكدا ئەوانیش تەواو دەبێت و بۆ وەرزی زستان بە رووی هاوڵاتیاندا دەكرێتەوە”.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى نوێنه‌ره‌كه‌ى شاره‌وانى به‌ 964ـى دا، گوژمەی تەرخانكراو بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، 867 ملیۆن دینارە لە مانگی سێی ئەمساڵه‌وه‌ دەستكراوه‌ بە نۆژەنكردنەوەى دەبوایه‌ له‌ماوه‌ى چوار مانگدا ته‌واو بكرایه‌.

تەیراوە، ناوەندێكی بازاڕی فراوانە كە خەڵكی زۆر رووی تێدەكەن بۆ مەبەستی بازاڕكردن ئەم شەقامەش كه‌وتووه‌ته‌ ناوەندی ئه‌م بازاڕه‌ و شوێنی كاركردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش له‌ ترافیك لایتی كورد و عەرەب ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌  ترافیك لایتی شەقامی پزیشكان.

سەندیکای ئەندازیاران: پرۆژەکان رێنماییەکانی ئێمە جێبە...

سەندیکای ئەندازیاران: پرۆژەکان رێنماییەکانی ئێمە جێبەجێ ناکەن

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن