ئەمساڵ 34 کرێکار گیانیان لەدەستداوە

سەندیکای ئەندازیاران: پرۆژەکان رێنماییەکانی ئێمە جێبەجێ ناکەن

964+

توانا نەقی

رووداوەکانی مردن و بریندار بوونی کرێکار لە سەر پرۆژەکان و کەوتنە خوارەوەیان لە باڵەخانەکان تا دێت روو لە بەرزبوونە دەکەن لە هەرێمی کودرستان.

بەگوێرەی زانیارییەکان تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 34 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.

سەڵاحەدین فەخرەدین، جێگری نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە 964ـی وت، ئەوان رێنماییان دەرکردووە بۆ سەلامەتی کرێکار و ئەو کەسانەی لە ناو پرۆژەکاندا کاردەکەن، بەڵام بەقسەیان ناکەن و لایەنی پەیوەندیداریش لیژنەکانیان ئەکتیڤ نین کە رووداوێک روودەدات ناچن بۆ لێکۆڵینەوە.

وتیشی، لە رێنماییەکاندا جۆری جلوبەرگ و پێڵاو و کڵاوی تایبەت بە کارکردن و هەروەها چۆنیەتی ئیشکردن لەسەر ئەسکەلە و قادرمەی و کرێنی کارکردن روونکراوەتەوە.

“ئەو لایەنانەی کە پرۆژەکان وەردەگرن بەتەنگ ئەو سەلامەتیانەوە نایەن، چەند پرۆژەیەک کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن حساب بۆ سەلامەتی و رێنماییەکان دەکەن بە تەنیا هەم لە پرۆژە حکومییەکان و هەم لە کەرتی تایبەت”، سەڵاحەدین فەخرەدین وای وت.

جێگری نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان  دەڵێت، ئەگەر هەر رووداوێکی مردن و بریندار بوونی کرێکار لەسەر کار رووبدات، لیژنەی تایبەتمەند هەیە کە هەریەک لە وەزارەتەکانی شارەوانی، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەی وەبەرهێنان تیایدان، دەبێت بچەنە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە لەسەرجەم کارەکان و سەلامەتی کرێکاران بکرێت و لەو جێگەیەدا هۆکارەکەی بزانرێت.

964 دەزانێت تەنیا لە ماوەی ئەم 16 رۆژەی مانگی نۆدا سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و مانگی پێشووش چوار کرێکار گیانیان لەدەستداوە.

جگە لە مەترسییەکانی سەر ژیانیان کرێکاران تا ئێستا کێشەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیشیان بۆ چارەسەر نەکراوە و لە بابەتی خانەنشینی و بیمە و بریندار بوون و کەمئەندامبوونیان لەسەر کارەکەیان کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە.

رێکارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێم توندن، دەبێت پیاو تەمەنی 60 ساڵ بێت و 20 ساڵ پارەی دەستەبەری بۆ درا بێت، بۆ ژن دەبێت تەمەنی 55 ساڵ بێت، ماوەی 20 ساڵ پارەی دەستەبەری بۆ درا بێت، پاشان دەتوانێت موچەی خانەنشینی وەربگرێت.

964 چەند جارێک پەیویەندی بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایتەییەوە کرد، لەسەر گرفتەکانی کرێکاران، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە، لە سلێمانی کرێکارێک گیانی لەدەستدا و لە هەولێریش کرێکارێک کە یەکەم رۆژی کاری بوو لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و بەسەختی بریندار بوو.

ئەو کرێکارەی ئەمڕۆ بەربووەتەوە یەکەم رۆژی کرێکاری بوو...

ئەو کرێکارەی ئەمڕۆ بەربووەتەوە یەکەم رۆژی کرێکاری بووە

كرێكارێك كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ست دا

كرێكارێك كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ست دا