دیمەنی نان و گونک لە یەکێک لە نانەواخانەکانی سلێمانی _ وێنە: 964
بۆ ئەوەی نرخی نان هەرزان بێت
لە سلێمانی کۆمپانیایەک ئارد بە هەرزان بۆ نانەواخانەکان دابیندەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
كۆمپانیایەكی ناوخۆیی یەک فەردە ئارد بە 28 هەزار دینار نۆ سەرجەم نانەواخانە و سەمونخانەكانی سلێمانی دابیندەکات، چاودێری سلێمانی جاوی لەوەیە بەم هەنگاوە نرخ و بڕی گونکی نانەکان یەکبخات.
سۆران غەفور بەڕێوبەری چاودێری بازاڕی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە 964ی وت، “یەك فەردە ئارد بە 28 هەزار دینار بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان دابینكراوە، لە كاتێكدا نرخی یەك فەردە ئاردی توركی لە بازاڕدا بە 36 هەزار دینارە وە روسی بە زیاتر لە 40 هەزار دینارە”.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا دابەزین نرخ کاریگەری نابێت لەسەر کوالێتی ئاردەکە، ئەو وتی، “بگرە کوالێتیەکەیشی باش دەبێت، چونکە لە ناوخۆ بەرهەم دێت و کۆمپانیایەکی خۆماڵیی دابیندەکات”.
نانەواخانەکان سەر پشکن چەند نان بە هەزار دینار دەدەن
لەبارەی ئەو جیاوازییەی لە کێشی گونکەکان هەیە، بەرێوبەری چاودێری بازاڕی سلێمانی ئەوەی روونکردنەوە، “ئەو نانەوایانەی کە هەشت نان دەدن بە هەزار دینار کێشی گونکەکانیان 90 بۆ 100 گرامە، بەڵام ئەوانەی کە شەس نان دەدەن بە هەزار دینار ئەوە کیشی گونکەکانیان 130 بۆ 135هەزار دینارە”.
بەبڕوای سۆران غەفور ئەگەر بێت و کۆمپانیاکە بەردەوام بێت لە دابینکردنی ئارد بە هەمان نرخی داشکێندراو، ئەوە نرخی سەرجەم نانەواخانەکان یەکدەخرێت و ئەو جیاوازییە لە بازاڕدا هەیە نامێنیت، ئەو وتیشی، “ئەم ئاردە لە سەنتەری شاری سلێمانی بەردەست دەبێت”.