پارتی؛ چاوەڕێی وەڵامی یەکێتیین بۆ کۆبوونەوە.. یەکێتی؛ هیچ بەرەوپێشچوونێك نیە
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بەردەوامە، سەرکردەیەکی پارتی دەڵێ چاوەڕێی وەڵامی یەکێتیین بۆ کۆبوونەوە، یەکێتییش دەڵێ هیچ بەرەوپێشچوونێک نیە.
فازڵ بەشارەتی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە +964ـی وت،” پارتی نامەی بۆ سەرجەم حزبەكانی كوردستان ناردووە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی دووقۆڵی بكەن، لەوانە نامەی بۆ یەكێتییش ناردووە، بەڵام تا ئێستا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هیچ وەڵامێكی نەبووە”.
پشتر +964 بڵاوی كردەوە كە دوو هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێکی نەکردووە. هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتییش دان بەوەدا دەنێن کە هۆکاری دانەنیشتنی پەرلەمان پەیوەندارە بە ناکۆکییەکانی نێوانیان، پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێ؛ دەتوانین نیساب تەواو بکەین بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتی نامانەوێت تاک لایەنە بڕیار بدەین.
“هەر وەفدێك بەناوی پارتییەوە قسە لەگەڵ یەكێتی بكات، هەمان دەسەڵاتی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی هەیە، هەركاتێكییش یەكێتی و پارتی لەسەر هەر ئاستێك كۆببنەوە ئێمە وا حساب دەكەین كۆبونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانییە”. فازڵ بەشارەتی وای وت.
بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێ؛ هیچ شتێکی نوێ نیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.
سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە +964ـی راگەیاند؛ هیچ بەرەو پێشچوونێك نیە بۆ كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی.
هەوڵەکان بەردەوامە بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بەتایبەت دوای گۆڕینەوەی نامەو بروسکە لەنێوان هەردوو حزب، دەنگۆی ئەوە هەبوو داوای گەڕانەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆببنەوە، بەڵام تائێستا ئەو زانیارییە هەر دەنگۆیەو هیچ لایەکیان پشتراستی نەکردۆتەوە.