پاشماوەی هێرشە درۆنیەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەت. وێنە: 964
قوباد تاڵەبانی: تەنیا هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت بوون
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، تەنیا ئەندامانی هێزەکانی دژەتیرۆر گیانیان سپاردووە و بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20.9.2023، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ تۆرکیڵد بیگ، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “شەهید و بریندارەکانی رووداوەکە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبووە”.
قوباد تاڵەبانی وتیشی، بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەر رەتدەکەنەوە و لە هێرشەکەدا هێزێکی فەرمیی عێراقی و کوردستانی کراوەتە ئامانج.
بەغدا تیمێک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی عەربەت دەنێرێتە سلێمانی
جێگری سەرۆکوەزیران داواشیکردووە، “حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە، هەنگاوی کردەیی بنێن و سنوورێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن، کە دەکرێنەسەر خاکی هەرێم و عێراق”.
رۆژی دووشەممە 18.9.2023، دەوروبەری کاتژمێر 4ـی ئێوارە، لە هێرشێکدا فڕۆکەخانەی عەربەت کرایە ئامانج و چەند کەسێک گیانیان لەدەست دا.
ئەمڕۆ چوارشەممەم تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی راگەیاند و وتی، ”وا زانراوە له كاتی هێرشهكهدا ئەندامانی دژە تیرۆری (CTG) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یهپهگه) پێکەوە مەشقیان کردووە”.