ئامۆزاکان دەیانەوێت کەلانەی گوڵان هەناردەی دەرەوە بکەن

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

دە ئامۆزا، لە گوندی گوڵانەی سنووری قەزای سەید سادق، دە ئامۆزا سەرقاڵی دروستکردنی کەلانەن، پلانیان هەیە هەناردەی دەرەوەی کوردستانی بکەن، بۆ ئەمەش داوا دەکەن ئاسانکاریان بۆ بکرێت.

هەر کە دەچیتە ژوورەوە، بۆنی کەلانە، کەرێ و دۆی کوردی ئاماژە دەدەن بەوەی تۆ لە شوێنێک لاتداوە کە خواردن و خواردنەوەی خۆماڵی و کوردییە.

ئێرە کەلای گوڵانە لەسەر ڕێگەی سەیدسادق – پێنجوێن، دە ئامۆزای یەکدی ماوەی چوار ساڵە ئەم جێگەیەیان بۆ دروستکردنی کەلانە بناغە کردووە.

دیلمان تاهیر، سەرپەرشتیاری کەلانەی گوڵان دەڵێ؛ لێرە سێ خانم، تایبەت کراون بە دروستکردنی کەلانە، ناوەشکێنە، لەواشە کە بەردەوام داواکارییان لەسەرە، پاش پێگەشتنیش بە کەرێی کوردی کەلانەکە لەلایەن کارمەندێکییانەوە چەوردەکرێ و لەگەڵ سوراحییەک دۆی کوردیدا بۆ میوانەکانیان دادەنێن.

ڕێباز محەمەد، کارمەندی کەلانەی گوڵانەو دەڵێ؛ کەلانەی گوڵان، ئەو جۆرە پیازەی کە بۆ بەرهەمهێنانی کەلانە بەکاریدەهێنین، بەشێوازێکی جیاواز ورد دەکرێ و ئامادە دەکرێت، هەروەها کەلانەکانیش بە قەبارەی تەنک دروست دەکرێن، ئەوەش وایکردووە دەستاوی ئەمان لە زۆرێک کەلانەی دیکە جیاوازتر دەربکەوێ.

لای خۆیەوە ئومێد کەریم، کە وەک سەردانکارێک لایداوە بۆ خواردنی کەلانە دەڵێ، بەحوکمی ئیشەکەم هەفتانە سێ بۆ چوار جار لێرە لادەدەم و کەلانە بە دۆی خۆمانە دەخۆم.

زیاتر وتی “کەلانەکەیان زۆر خۆشە، ئەمەش وایکردووە هەموو جارێک بە سەفەری بۆ هاوڕێکانیشم بیبەم”.

 پەیامنێری +964 دەڵێ؛ نرخی هەر کەلانەیەک بە هەزار دینار دەفرۆشرێ، ستافێکی دە کەسی لە دووکاتی جیاواز رۆژانە ٢٠٠ کەلانە بەرهەمدەهێنن، بەهۆکاری ئەوەی لە دەرەوەی وڵاتەوە سەردانکاریان هەیە دەڵێن گەر رێگرییەکانی بەردەمیان ئاسان بکرێت ئەگەر هەیە کەلانەکەیان هەناردەی دەرەوەی کوردستان بکەن.