لە عەربەت چی روویدا؟

964+
ژووری هەواڵ

دەوروبەری کاتژمێر 4ـی ئەم ئێوارەیە کتوپڕ دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە فڕۆکەخانەی عەربەت کە وەکو فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی ناسراوە بیسترا.

964 هەر ئەو کاتە ڤیدیۆی بەرزبوونەوەی دوکەڵی لە فڕۆکەخانەکەوە پێگەیشت و سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیش لە سلێمانیەوە وتی، جارێ نازانن تەقینەوە بووە یان بۆردومانی فڕۆکەی جەنگی.

زانیاری هەیە کە دژە تیرۆری کوردستان سی تی جی، کە بە دژە تیرۆری سلێمانیش دەناسرێت، لەو فڕۆکەخانەیە خەریکی مەشق بووبێتن.

سەرەتا سەرچاوەکان بە ئێمەیان وت، شەش کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن، وتیشیان هەموویان ئەندامی دژە تیرۆرن.

فڕۆکەخانەی عەربەت دەکەوێتە ناحیەی عەربەت کە تەنیا 23 کیلۆمەتر لەناو شاری سلێمانیەوە دوورە، ئەگەر بە ئاسایی بە سەیارە بڕۆیت بە 20 تا 25 خولەک پێی دەگەیت.

لە ساڵی 2005 دامەزراوە وەکو فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی. لە ساڵی 2007 بڕوانامەی رێپێدانی بۆ قەڵاچۆکردنی ئافاتە کشتوکاڵیەکان بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2017ش وەکو سێیەم فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و حەوتەم فڕۆکەخانەی عێراق بە فەرمی ناسێندراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ـی وت، ماوەیەکە دەست بە فراوانکردنی فڕۆکەخانەکە کراوە “بە مەبەستی گۆڕینی لە کشتوکاڵیەوە بۆ سەربازی”.

لە پاش کاتژمێر 7ـی ئێوارە،  دژە تیرۆری سلێمانی بەیاننامەیەکی دەرکرد و وتی، لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەریان و سێ ئەندامیان گیانیان بەخشیوە و سیانی دیکەیان بریندار بوون.

لەلایەکی دیکە لە هەولێر، ئەگەرچی زانیاری نییە کە پەیوەندی بە رووداوەکەی سلێمانیەوە هەبێت، ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە بە نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەناسرێت لەناو ئۆفیسەکەیاندا کوژراوە.

ئۆفیسەکەیان دەکەوێت گەڕەکی حەی شورتە لە هەولێر.

هیوای سەید سەلیم ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە 964ـی وت، “پیاوێکی 40 بۆ 45 ساڵانەی خەڵکی باکوری کوردستان بەناوی (دەنیز) کە مامۆستای زمانی لاتینیە و ساڵێکە هاتووەتە لامان لە ئۆفیسەکەماندا کوژراوە”.

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) لە 1999 هەوڵێکی کوردانی عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا بوو بۆ بەستنی کۆنگرەی چوار پارچە لەپێناو هەماهەنگی حزب و لایەنە کوردییەکان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە یەکخستنیاندا.

لێکەوتەکانی ئەم رووداوە هێشتا تەواو نەبووە، چاوتان لەسەر 964 بێت، زانیاری نوێ بڵاودەکەینەوە.

ئەوەی تا ئێستا لەبارەی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەتە...

ئەوەی تا ئێستا لەبارەی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەتەوە دەیزانین