زانیاری ورد
چی لە بارەی فڕۆکەخانەی عەربەتەوە دەزانیت؟
964+
ژووری هەواڵ
فڕۆکەخانەی عەربەت کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە تەقینەوە تیایدا روویداوە و بەهۆیەوە تا ئێستا “شەش ئەندامی دژە تیرۆر کوژراون” و بەشێک دەڵێن هێرشی درۆنی بووە، لە ساڵی 2005 دامەزراوە وەکو فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی.
هەروەها لە ساڵی 2007 بڕوانامەی رێپێدانی بۆ قەڵاچۆکردنی ئافاتە کشتوکاڵیەکان بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2017ش وەکو سێیەم فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و حەوتەم فڕۆکەخانەی عێراق بە فەرمی ناسێندراوە و لە بوارەکانی کشتوکاڵی راهێنانەکاندا سوودی لێ دەبینرێت.
بەڤیدیۆ: دوکەڵ لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەبیندرێت
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ـی وت، ماوەیەکە دەست بە فراوانکردنی فڕۆکەخانەکە کراوە “بە مەبەستی گۆڕینی لە کشتوکاڵیەوە بۆ سەربازی”.
وتیشی، “لەو فڕۆکەخانەیەدا لەژێر چاودێری هێزەکانی هاوپەیمانان مەشق بە دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان دەکرێت”.
هەر ئەمەیە کە گومانی هێرشی درۆنی زیادکردووە، بەڵام تا ئێستا لایەنی فەرمی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دانی بەوەدا نەناوە کە تەقینەوەکە هێرشی درۆنی بووبێت.
ناحیەی عەربەت تەنیا 23 کیلۆمەتر لەناو شاری سلێمانیەوە دوورە، ئەگەر بە ئاسایی بە سەیارە بڕۆیت بە 20 تا 25 خولەک پێی دەگەیت..
ئەوەی تا ئێستا دەیزانین
- لە رووداوەکەدا شەش ئەندامی دژە تیرۆر کوژراون.
- ژمارەیەک ئەندامی دیکە بریندار بوون.
- زیان بە چەند کابینەیەکی ناو فڕۆکەخانەکە کەوتووە.
- هێزە ئەمنییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی چڕن.