نرخی نەوت زۆر بەرزبووەوە
دوای لێدانی ژێرخانی وزە لە لایەن ئێرانەوە
نرخی نەوت زیاترە لە 114 دۆلار
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە و نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک حەوت دۆلار زیادی کرد، ئەمش بەهۆی هێرشی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو.
ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی ئەمریکی گەیشتە 114 دۆلار و 83 سەنت، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی وزە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لە قەتەڕ و سعودیە.
هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساس بە 96 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەلایەکی دیکە نرخی غازیش بەرزبووەتەوە و بەپێی بۆرسەی جیهانی نرخی غاز بۆ ئەمڕۆ زیاتر لە 30% بەرزبووەتەوە.
پەرەسەندنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران و هێرشبردن بۆ سەر وێستگە و ژێرخانی وزە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری جیهان و کەرتی وزە، سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی لە ئێران کردووە کە ئەگەر هێرش بکاتەوە سەر کەرتی وزە و بە تایبەتی غازی قەتەڕ، ئەوا ئەمریکاش ژێرخانی وزەی ئێران لەناودەبات.