دوانی دیکەیان هەڵاتوون

دوو کەس لەسەر راوە باز دەستگیر کران

پێشەوا محەمەد

لە ئیدارەی راپەڕین چوار کەس سەرقاڵی راوە باز دەبن، بەڵام پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین پێیان دەزانێت و دوو کەسیان دەستگیر دەکات.

ئەو دوو کەسەی تر هەڵدێن، بەڵام بە وتەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەکە ئێستا بەدوایاندا دەگەڕێن بۆ دەستگیرکردنیان.

شۆڕش کاکە فەتحوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەوانە لە کانی پوورە خاسێ لە نزیک دەربەندی رانییە دەستگیر کراون.

وتیشی، “هاوڵاتیان هەواڵیان پێداین و ئێمەش مەفرەزەمان بۆ دەرکردن، لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا کۆترێکیان پێوەگیرا کە بۆ راوەکە بەکاریان دەهێنا لەگەڵ هەندێ کەلوپەلی راوکردن”.

ئەوە 28ـەمین کەسە لەو سنوورە ئەمساڵ لەسەر راوی باڵندەی کێوی دەستگیر بکرێن.