لە سەر ئاستی کچان

بەسرە لە هەولێر بووە پاڵەوانی عێراق

هێژا خەسرەو – هەولێر

لە هەولێر و لە هۆڵی یانەی وەرزشی ئەکاد عەنکاوە، پاڵەوانیەتیی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێراق لەسەر ئاستی کچاندا بەڕێوەچوو و یانەی بەسڕە نازناوی پاڵەوانیەتییەکەی بردەوە و یانەی گازی باشووریش پلەی دووەمی بەدەستهێنا، یانەی ناسرییەش پلەی سێیەمی وەرگرت.

خولەکە لەسەر ئاستی کچان و کوڕان بە جیا بەڕێوەدەچێت، لە قۆناخی کۆتاییدا هەشت یانە مانەوە، کە پێنج یانە لە یانە کوردییەکاندا بوون.

ئومێد محەممەد سەرپەرشتیاری خولەکە لە لێدوانێکدا بە 964ـی راگەیاند: خولەکە بەبێ کەموکوڕی و لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەچوو، باشترین یاریزانەکان لە خولەکەدا بەشداربوون، کە بەشێکیان لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقدا بوون، چاودێرانیش لە هۆڵەکە ئامادەبوون و چەند یاریزانێکی دیکەش بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت دەکرێن.

ئومێد زیاتر وتی: خولی تایبەت بە کچان کۆتاییهات، لە سەر ئاستی کوڕانیشدا هەشت یانە لە خولی نایابن، یارییەکان بە شێوازی هاتن و چوون دەکرێن و لە کۆتاییدا پاڵەوانی خول دیاریی دەکرێت.

ئەم خولە تەنيا بۆ دیاریکردنی خاوەن پلەکانی پێشەوە و پاڵەوان نەبوو، بەڵکو هەشت یانە بەشدارەکەی قۆناخی کۆتایی لە خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی سەر مێز مانەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا