بەشێکی بازاڕەکان نەکراونەتەوە
وتەبێژی هانا: 100 کەس لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیراون
964+
ئەحمەد مستەفا
لە سنە، بانە، مهاباد و سەقز و زۆرێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوکان و بازاڕەکان داخراون و ژمارە هێزە ئەمنییەکانیش، لە ناو سەنتەری شارەکان زیادیان کردووە.
بە وتەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بێت، لە یەک هەفتەی رابردوودا دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، “لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 100 کەسیان دەستگیرکردووە”.
هادی رەسوڵزادە، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەمڕۆ شەممە 16.9.2023، بە 964ی وت، “هێزیکی زۆر لە ناوچەکانی مەریوان و سەقز و مهاباد کۆکراونەتەوە، دەزگا ئەمنی و حکومەتە خۆجێیەکان ترسیان لە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان هەیە”.
رێکخراوی هەنگاو: ساڵیادی ژینا نزیکە و چەندین کەس دەستگیرکراون
رەسوڵزادە، پێی وایە حکومەت ماوەیەک ئامادەکاری دەکات بۆ ئەو کارە، هەر بۆیە وتیشی، “لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا 100 کەسیان دەستگیر کردووە، کە گومانەکانی سەریان هەوڵدان بووە بۆ دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان”.
ئهمڕۆ 16.9.2023، ساڵێک بەسەر گیانلهدهستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵاندا تێدەپەڕێت، بە گوێرەی هەندێک لە گرتە ڤیدیۆکان، کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی خۆجێی رۆژهەلاتی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە، بەشێک لە دوکان و بازاڕەکان هەر لە بەیانی ئەمڕۆوە و نەکراونەتەوە، تایبەت لە، بۆکان، سەقز، سنە، پیرانشار، بانە، دیواندەرە، مهاباد، کرماشان، جوانڕۆ و کامیاران.
گومانەکان لەسەر ئەوەن، کە ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران كوژراوە، ئەمڕۆ کە ساڵێک تێدەپەڕێت، خانهواده و كهسوكارى ژینا ئەمینی، ئامادەکاریان كردووه بۆ ئهوهى یادی شەهیدکردنی کچەکەیان لە سەر مەزارەکەی بكهنهوه.
به پێی ئامارى رێكخراوهكانى مافى مرۆڤى ئێران، له ماوهى ساڵى رابردوو و له دواى گیانلهدهستدانى ژینا، حکومەتی ئێران تا ئێستا، 70 ئەندامی بنەماڵەکەی دەستگیرکردوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.