تورکیا: بەمنزیکانە بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەکەوێتەوە کار

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، ئێستا بۆری نەوتی کوردستان-جەیهان هیچ کێشەی تەکنیکی نەماوە و بەمنزیکانە ئامادە دەبێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.

ئاڵپەرئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەوانی وڵاتەکەی رایگەیاند، بەشێک لەو زیانانەی کە بەر بۆری نەوتی کوردستان-جەیهان کەوتوون، بەهۆی بومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوباتی ئەمساڵ و لافاوەکەی دواتر بووە.

“تیمەکانی چاککردنەوەی بۆری نەوتی جەیهان_عێراق، راپۆرتێکیان لەبارەی کێشە تەکنیکییەکان ئامادەکردووە و بەگوێرەی دوایین راپۆرت، کێشە تەکنیکییەکان چارەسەرکراون و لەسەروبەندی ئامادەکردنی بۆرییەکەدان بۆ کردنەوەی. بەمنزیکانە بەتەواوەتی ئامادە دەبێت و دەخرێتەوە کار”، ئاڵپەرئەرسڵان بایراکتار وای وت.

لەبارەی کەیسەکانی دادگا لەدژی گرێبەستە نەوتییەکانی تورکیا لە عێراق، بایراکتار وتی، لە دادگەیەکی ئەمریکیدا تانەیان لە بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس داوە و داوای قەرەبووی 950 ملیۆن دۆلاریان لە عێراق کردووە.

راشیگەیاند، پێویستە عێراق و تورکیا لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگی دۆستانە، کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.