مانگانە نزیكهی ١٠ ملیار دینار خەرجی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکە
964+
توانا نەقی – هەولێر
حکومەتی هەرێم دەڵێت، مانگانە نزیکەی ١٠ ملیار دینار بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی، زیاتر لە شەش هەزار تەن زبڵ و خاشاکی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
کوردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانیی ههرێمی كوردستان بە 964+ ی وت، “لە ههرێمی کوردستان گرێبەست بۆ ٣٢ کۆمپانیا کراوە، پارەی ئەو کۆمپانیانە لەلایەن حکومەتەوە دەدرێت، سەرباری چەندین خەرجیتر لە کۆکردنەوەی خاشاکد”.
964+ دەزانێت، لە ماوەکانی رابردوودا مانگرتنی بەشێک لە کۆمپانیاکان لە هەندێک لە شارەکان، بووە هۆی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە شەقام و ناو گەڕەکەکاندا.
کوردۆ شابان باسی لەوەکرد “ئەو کێشەیە تهنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و لە هەولێر نەبووە، بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکاندا کۆمپانیاکان پارەی خۆیان وەرنەدەگرت و ئامادە نەبوون خاشاک کۆبکەنەوە”.
ئاراس فوئاد، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و چارەسەری خۆڵ و خاشاک لە وەزارەتی شارەوانی بە فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومهتی ههرێمی كوردستانی راگەیاندووه، قەبارەی زبڵ و خاشاکی کۆکراوە بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت، بە گشتی لە رۆژێکدا شەش هەزار تەن بۆ شەش هەزار و نیو تەن دەبێت.
ههروهها دهڵێت “خەرجیی مانگانەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک دەگاتە، نۆ ملیار و ٩٥٢ هەزار و ٧٥٥ دینار، بە میکانیزمی کۆکردنەوەکەش بە جۆرێکە، شوێنەکانی نیشتەجێبوون دوو رۆژ جارێک، بازاڕ و شوێنە گشتییەکان هەموو رۆژێک، گوندەکان حەفتەی جارێک کۆدەکرێنەوە.