ئەو باڵدارەی هەمووانی فێری فڕین کرد

964+

فەهمی نەبی

ئیبراھیم ئەمین باڵدار نوسەری کتێبی ئەلف ۆ بێی نوێ، ئەو کاتە تەمەنی هەر 20 ساڵێک بووە کە لەساڵی 1940 خانەی مامۆستایانی رۆستەمییەی لەشاری بەغدا تەواو کرد و هەر ئەو ساڵە وەک مامۆستا لە گوندەکانی سلێمانی دامەزراوە، 9 ساڵ دوای دامەزراندنی لەساڵی  1949 بڕیار دەدات  کتێبێک بۆ فێربونی منداڵانی کورد بنوسێت ناوی لێنا (ئەلف و بێی نوێ)، هەر ئەو ساڵە کتێبەکەی خستە بەردەست مەعاریفی سلێمانی و وەزارەتی مەعاریف هەر زوو کتێبەکەی پەسەندکرا، دواتر لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ وەک کتێبێکی فێرکاری پرۆگرامی خوێندن دانی پێنرا.
کتێبەکەی باڵدار لەساڵی 1951 خرایە ناو پرۆگرامەکانی خوێندن، ساڵی 1953 هونەرمەند بەدیع باباجان وێنەکانی کتێبەکەی بە رەنگاو رەنگی کێشا، سێ ساڵ دوای ئەو نیگارکێشی ئەڵمانی خاتوو (ترودی میتڵمان) وێنەکانی دوبارە داڕشتەوە.

ئیبرااهیم ئەمین باڵدار جگە لەوەی کتێبی ئەلف و بێی نوێی داناوە کتێبێکی دیکەی بۆ وانەی بیرکاری وەک پرۆگرامی خوێندن دانا و بۆماوەی ساڵانێکی زۆر لە خوێندنگەکان دەخوێندرا، بەڵام کەمترین جار باسی ئەو کتێبەی کراوە.

باڵدار جگە لەوەی بواری پەروەردەیی سێ کتێبی نوسیوە، دەستێکی کارامەی هەبوو لە دیزاینی ئەندازیاری، لە باخچەی زانکۆی سلێمانی دیزاینی بۆ نەخشەی (کانی عاشقان) کردبوو، کە ساڵانێکی زۆر هێمایەکی دیاری ئەو زانکۆیە بوو، جگە لەوە دیزاینی بۆ باخچەی ماڵی هاوڕێکانی کردبوو.