دهۆك به‌ 150 هه‌زار دارى فستقه‌وه‌ ركابه‌رى به‌رهه‌می توركی ده‌كات

964+
هیڤی دێوالی – دهۆک

ماوەی چەند رۆژێکە فستقی ئاکرێ له بازاڕه‌كانى دهۆک خواستێکی زۆری لەسەرە، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵیش دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرهەمیان بگاتە 300 تۆن.

لە سنوورى پارێزگای دهۆک جۆره‌كانى فستق وه‌كو دەنکە، وشتر، بندق و زمانی باڵندە بە رەنگی جیاوازى وه‌ك سپی، سووری ئاشووری بوونیان هه‌یه‌، زۆربه‌شی لە سنوورى قەزاكانی ئاکرێ و ئامێدی و سێمێل به‌رهه‌م ده‌هێندرێن.

شێخ حەجی خاوەنی دوكانێكه‌ له‌ عەلوەی دهۆک بە 964ـی وت، لە  چەند رۆژی رابردوودا فستقی ناوچەی ئاکرێ دەرکەوتووە، خواستى زۆرى له‌سه‌ره‌ نرخی یەک کیلۆی بە شەش هەزار دینارە، بەڵام ده‌ڵێت، “فستقی تورکیش هەیە، نرخی یەک کیلۆ بە 10 هەزار دینارە”.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی راگه‌یاند، له‌ سنوورى پارێزگاكه‌یاندا هەزار و 500 دۆنم زەوی بە فستق چێندراون، 150 هەزار داری فستقیش هەن.

وتیشی، “بەرهەمی پێشبینیکراوی ئەمساڵمان بۆ فستق 300 تۆنه‌”.

به‌ قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى دهۆك، بڕى سێ هەزار دینار باج لەسەر هه‌ر كیلۆیه‌ك فستقی بیانی له‌وانه‌ش تورکی دانراوە، له‌پێناو سوودوه‌رگرتنى زیاترى جوتیاران له‌ به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانیان.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن