تۆپی سەرمێزی ئاشتی دەیەوێت ژمارەیەکی قورس بێت
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی وەرزشی ئاشتی دوا ئامادەکاری بۆ خولی عێراق کرد و دواتریش بەرەو هەولێر گەشتی کرد.
لە دوایەکەی مەشق و راهێنانی تیپی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی ئاشتی، حەماسێکی گەورە لە ناو یاریزانەکاندا هەبوو، بۆ ئەوەی لە قۆناغی دووەمی خولی عێراقدا ئەنجامێکی باش دەستەبەر بکەن.
شاخەوان جەمال راهێنەری هەردوو تیمی کوڕان و کچانی یانەی ئاشتی پێش بەڕێکەوتن بۆ شاری هەولێر بە 964ـی وت، یانەی ئاشتی لە یاریی تۆپی سەرمێزدا مێژوویەکی گەورە و پرشنگداری هەیە، چونکە زۆربەی یاریزانانی یانەکەیان لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقدا یاریی دەکەن.
وتیشی، هەمیشە یانەکە پشتیان بە یاریزانانی خۆماڵی ناو فێرگەکەی بەستووە و هیچ کاتێک ئامادەنین پشت بە یاریزانی ئامادەکراو ببەستن.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە شاری هەولێر، قۆناغی کۆتایی خولی یانە پلە نایابەکانی عێراق بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان بەڕێوەبچێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا