دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە: موچە دابەش نەکرێت کارەسات روو دەدات
964+
پێشەوا محەمەد
دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە هۆشداری دەدات لە روودانی کارەسات، ئەگەر موچە دابەش نەکرێت.
شەماڵ جەبار یاوەر، سەرۆکی دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 12.9.2023 بڵاویکردووەتەوە، هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، کە دەزگاکەیان نەکەنە بەدیلی کەرتی تەندروستیی گشتی و “تەنیا لە کاتی زۆر پێویست و کتوپڕدا سەردانی فریاکەوتنەکانمان بکەن”.
باسی لەوەش کردووە، کە کارمەندان و پزیشکانیان بێ موچە و بێ دەرامەتن و “پشتیوانی داوا رەواکانی هاوپیشەکانمانین”.
ئەو راگەیەندراوە لە کاتێکدایە بەشێک لە بنکە تەندروستییەکان و کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکانی سلێمانی مانیان گرتووە و ئەمڕۆ سێشەممەش پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی، بە 964ـی راگەیاندبوو، “ئەگەر موچەیان پێنەدرێت نەخۆشخانەکە مەترسی داخستنی هەیە”.