تویتەر تایبەتمەندییەک لا دەبات

+964

بڵند عوسمان – هەولێر

تویتەر، تایبەتمەندی نیشاندانی تویت لادەبات کە پێشتر لای بەکارهێنەر نیشانی دەدا ئەو تویتە بە چ جۆرە ئامێرێک تویت کراوە.

دوێنێ ١٨ـی کانونی یەکەم، ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێکدا لابردنی ئەو تایبەتمەندییە پشتڕاستکردەوەو دەڵێ؛ بەڵێ ئەم تایبەتمەندییە لابراوە ئیدی کەس ناتوانێ ببینێ تویتەکان بە چ جۆرە ئامێرێک کراون. 

گرینگی لابرنی ئەم تایبەتمەندییە لەوەدایە کە کۆمپانیا و کەسایەتییەکان دەتوانن بە ئازادانەتر تویتەکانیان بکەن، بە پێچەوانەی پێشوو کە هەندێکجار توشی رەخنە دەبوونەوە لەوەی کە بە چ جۆرە ئامێرێک تویتیان کردووە. 

بۆ نمونە کۆمپانیایێکی وەک سامسۆنگ کە ڕکابەری گەورەی کۆمپانیای ئەپڵە هەندێک لە پۆستەکانیان کە دەکرا لە ژێرەوە دەنوسرا پۆستەکە بە ئایفۆن کراوە، کە ئەمەش دەبووە ئابڕوچونێکی گەورە بۆ سامسۆنگ چونکە دەریدەخست کە کۆمپانیاکە تەنانەت کارمەدانی خۆشی بەرهەمەکانی خۆیان بەکار ناهێنن.

تویتەر، یەکێکە لە گەورەترین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خاوەنی نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن بەکارهێنەرە، دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک تۆڕەکەی کڕییەوە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەی ئەنجامدا لە تۆڕەکە و تاکو ئێستاش هەر بەردەوامە لە ئەنجامدا گۆڕانکارییەکان.