بەرواری دەرچوون و بەسەرچوونی یەکە

لە مەرزی پشتە 24 تۆن دۆشاوی تەماتە دەستیبەسەردا گیراوە

هاوبەش ئەبوبەکر

دوێنێ لە مەرزی سەرتەك ــ پشتە، رێگری کرا لەوەی 24 تۆن دۆشاوی تەماتەی لەقوتوو نراو، بخرێتە بازاڕەوە و دەستی بەسەردا گیرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10.9.2023، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند، جۆر و پێکهاتەی ئەو دۆشاو تەماتەیە هاوتای تایبەتمەندی عێراقی نەبوون.

بەپێی ئەو وێنانەی تەندروستی هەڵەبجە بڵاویکردوونەتەوە، لەسەر قوتووەکان دەردەکەوێت کە کاتی بەسەرچوون و دروستکردنی دۆشاوەکە یەک رێکەوتە، واتە لە هەمان رۆژی دروستکردن بەسەردەچێت.

تەندروستی هەڵەبجە مارکەی دۆشاو تەماتەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە کراوە.

دەروازەی پشتە بۆ بازرگانی و هاتووچۆی هاووڵاتیان لە ساڵی 1991ـەوە لە نێوان هەڵەبجە و کرماشان کراوەتەوە و چەند جارێک بە بیانووی ئەوەی نافەرمییە، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داخراوە و کراوەتەوە.