مۆبایلی هواوی پڕۆ پڵەس نمایشکرا

964+

پەرستۆ ساڵح

هواوی ئەمڕۆ لە چین بە فەرمی مۆبایلی زیرەکی جۆری پرۆ پڵەسی زنجیرەکەی نمایش کرد و بڕیارە مانگی داهاتوو لە بازاڕەکان بەردەست بێت.

لە ماوەی کەمتر لە مانگێک هواوی بەدوای یەکدا هەریەک لە جۆرەکانی هواوی ئاسایی و جۆری پرۆی لە زنجیرەی Mate 60 نمایشکرد، بەبێ هیچ رێکلامێکی پێشوەختە و ئیڤێنتێک، ئەمڕۆش هەینی هواوی جۆری پڕۆ پڵەسی نمایشکرد کە بەهەمانشێوە توانای نامە ناردنی هەیە لە رێگای مانگی دەستکردەوە بە هەردوو شێوازی تێکست و دەنگی و لە 9.10.2023 دەکەوێتە بازاڕەکانەوە.

ئەم جۆرە نوێیەی هواوی قەبارەی 6.82 ئینجە و بە چیپسێتی نوێی Kirin 9000s کاردەکات و تا ئێستا نرخەکەی دیارینەکراوە، کامێرای سێڵفیەکەی 13 مێگاپیکسڵە و هەستەوەری سێ دووری تێدایە، کامێرای سەرەکیشی 48 مێگاپیکسڵە و پاترییەکەی 5000 مللی ئەمپێرە.