کارکردن لە سێ بەنداوه‌كەى كۆیه‌ دەستی پێکردەوە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

ژماره‌یه‌ك به‌نداو له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌ كار تێیاندا به‌هۆی قه‌یرانى دارایی وه‌ستابوو، له‌ئێستادا به‌شێك له‌و به‌نداوانه‌ كاری ته‌واوبوونیان بۆ ده‌كرێت و سێ له‌و به‌نداوانه‌ش له‌سنوورى قه‌زای كۆیه‌ن، پێشتریش حكومه‌ت زیاتر له‌ 33 ملیار دینارى بۆ ته‌واوكردنى كارى ئه‌و به‌نداوانه‌ ته‌رخان كردووه‌.

هه‌ریه‌ك له‌ به‌نداوه‌كانى نازه‌نین و شه‌وگێڕ و بانى تاڵه‌بان، له‌سنوورى قه‌زاى كۆیه‌ن به‌ پێی قسه‌ى قائیمقامی كۆیه‌ش یه‌كێك له‌و به‌نداوانه‌ له‌ته‌واو بووندایه‌و ئه‌وانى تریش به‌شێكی كاره‌كانیان بۆ كراوه‌.

تاریق جه‌لال، قائیمقامی كۆیه‌ به‌ +964 ى وت “به‌نداوى شه‌وگێر ئێستا كارى تێداده‌كرێ و زیاتر له‌ 5 ملیار دیناری بۆ دابینكراوه‌ و له‌ ته‌واو بووندایه”‌ .

بۆ دووباره‌ ده‌ستبه‌كاركردنه‌وه‌ له‌م پرۆژانه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ نووسراوی ژماره‌ 9392  له‌ 6/11/2019 وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری راسپاردووه،‌ بڕی 33 ملیار و 322 ملیۆن دینار بۆ ته‌واوكردنی 11 به‌نداو ته‌رخان بكات .

 ئه‌و به‌نداوانه‌ى حكومه‌ت له‌و نووسراوه‌ ناوی هێناون، بریتین له‌ به‌نداوه‌كانی چه‌مه‌رگه‌، ئاقوبان، شه‌وگێَڕ، بانووی تاڵه‌بان و نازه‌نین له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر. خنس، سبنه‌ 2 و گه‌لی به‌نداوه‌ له‌ پارێزگای دهۆك. هه‌روه‌ها دێوانه‌، توره‌جار، خۆرنه‌وازان له‌ پارێزگاى سلێمانى. 

سه‌باره‌ت به‌ به‌نداوه‌كانى نازه‌نین و با‌نى تاڵه‌بانیش قائیمقامی كۆیه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، به‌پێی گرێبه‌ستێك كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى جێبه‌جێكار ئیمزا كراوه،‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م دوو به‌نداوه‌ ته‌واو ده‌كرێن، وتیشی “دیاره‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌وه‌ رازی نیه‌ و ده‌ڵێ ده‌بێ گرێبه‌سته‌كه‌ى بۆ نوێ بكرێته‌وه‌. به‌ڵام به‌پێی یاسا ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌سه‌ریه‌تى ئه‌و گرێبه‌سته‌ پێشتر چۆن كراوه‌ ، وه‌كو خۆی جێبه‌جێی بكات” .

به‌پێی زانیارییه‌كانى قائیمقام،‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ گفتوگۆكردندایه‌، جا ئه‌گه‌ر ئه‌نجامێكی باشی نه‌بوو له‌وه‌ى كه‌ ده‌ستبه‌كار بكاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێ رێگه‌چاره‌یه‌كی تر بدۆزرێته‌وه‌.

به‌نداوى شه‌وگێڕ كه‌وتۆته‌ گوندى شه‌وگێڕ، باشوورى قه‌زاى كۆیه‌و نزیكه‌ى دوو كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌رى قه‌زاوه‌ دووره‌، به‌نداوى بانى تاڵه‌بانیش ده‌كه‌وێته‌ سنوورى ته‌قته‌ق و سێگردكان و به‌نداوى نازه‌نینیش له‌ سنوورى ناحیه‌ى سكتانه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى +964، ئه‌و 11 به‌نداوه‌ی پاره‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌ له‌ قۆناغی جیاجیای جێبه‌جێكردندان. هه‌ندێكیان 20%ی كاره‌كانیان ته‌واو كراوه‌ و هه‌ندێكیان 90%”.

 به‌ ته‌واوبوونی ئه‌م به‌نداوانه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی كۆگاكردنی ئاو، قۆناغێكی دیكه‌ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ ده‌توانرێت مه‌ترسیی لافاو له‌و ناوچانه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ و 59 ملیۆن مه‌تر سێجای دیكه‌، ئاو گل بدرێته‌وه‌ و رووبه‌ری 27 هه‌زار و 300 دۆنم زه‌وی به‌راو بكرێ.