دەروازی ئۆردوگای سەنغور. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
گۆڕی کەسوکاری شەهیدان لە ئێران مەترسی رۆچوونیان لەسەرە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەشێک لە گۆڕی کەسوکاری شەهیدانی کیمیاباران کە لە ئۆردوگای سەنغورن لە وڵاتی ئێران، بەهۆی رۆچوونی زەوی و کاریگەری سروشتییەوە بەرەو لەناوچوون دەچن، بەڕێوەبەرایەتی ئەنفالکراوان و شەهیدانی هەڵەبجەش دەڵێت، چارەسەریان دەکەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.9.2023، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئەنفالکراوان و شەهیدانی هەڵەبجە رایگەیاند، ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانەی پارێزگاکە دەکات، کە کەسوکاریان لە ئۆردوگای سەنغور کۆچی دواییان کردووە و لەوێ بەخاکسپێردراون، سەردانیان بکەن.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەڵێت، دەیانەوێت ئاماری دروستیان دەست بکەوێت و لەو رێگەیەوە بتوانین گۆڕەکان دەستنیشان بکەن و لە لەناوچوون بیانپارێزن.
“تەنیا ئەو کەسانە سەردانمان بکەن، کە کەسوکاریان لەو ئۆردوگایەدا کۆچی دواییان کردوە و ھەر لەو ئۆردوگایەدا بە خاک سپێردراون”، بەڕێوەبەرایەتیی ئەنفالکراوان و شەهیدانی هەڵەبجە وا دەڵێت.
ئۆردوگای سنقر، یان سەنغور لە نزیک شاری سنقر بوو لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 1988 تا ساڵی 2007 ئاوارەی کوردی باشوور تێیدا دەژیان.