دۆندرمەی قەیماغت خواردووە؟

٨٠ جۆر دۆندرمە دروست دەکات

+964

هیڤی دێوالی

دۆندرمەی ئیتاڵی، تاکە ساردەمەنییە لە دهۆک کە ٨٠ جۆر دۆندرمە لە سەوزەو میوە دروست دەکات کە دەتواندرێت لە زستانانیش بیخۆیت.

ساردەمەنی ئیتاڵی، لەگەڵ ئەوەی تەمەنێکی کورتی هەیەو تەنیا ساڵێکە کراوەتەوە، بەڵام بووەتە رووگەی رێبواران و گەشتیاران و ئەوانەی عاشقی دۆندرمەن.

بینەری ئەو فیچەرەی پەیامنێرمان هیڤی دێوالی بن کە لە دهۆکەوە ئامادەی کردووە، خاوەنەکەی باس لە دۆندرمەی قەیماغ و دۆندرمەیەکی تایبەت بەوانە دەکات کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە.

ئەوەی دۆندرمەی ئیتاڵی لەوانی دیکە لە دهۆک جیا دەکاتەوە، فرە جۆری دۆندرمەکەو دروستکردنیەتی لە سەوزەو میوە، مەجید شوکری، خاوەنی ساردەمەنی ئیتاڵی لە دهۆک بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ؛ ویستمان شتێکی جیاواز لە کوردستان و دهۆک ئەنجام بدەین، ئەویش بەکارهێنانی سەوزەو میوە بوو لە دروستکردنی دۆندرمە بە ئامێری جیلاتۆ کە شێوازی دروستکردنی دۆندرمەکە جیاوازە لەگەڵ دروستکردنی دۆندرمە بە ئامێری کلاسیک و سۆفت.

“هەوڵمانداوە چیتر لیمۆندزی و رەنگی دەستکرد و مادەی کیمیایی لە دروستکردنی دۆندرمە بەکار نەهێنین، لەمەشدا سەرکەوتوو بووین و ئێستا لە جێگەی لیمۆندزی، میمۆکی بەکار دەهێنین”. مەجید شوکری وای وت، باسی لەوەشکرد کە سوود لە میوە وەرزییەکان دەبینن بۆ دروستکردنی دۆندرمە.

بە قسەی مەجید شوکردی بێت، شەش مانگ تاقیکردنەوەیان لەسەر دروستکردنی ئەو ٨٠ جۆرە دۆندرمەیە کردووە تا گەیشتوون بەو ئەنجامەی ئێستا کە ئەو مینۆیە بخەنە بەردەم کڕیاران و رێبواران و عاشقانی دۆندرمە بڵێن دۆندرمەی هەموو جۆرە میوەیەکمان هەیە، دەڵێ؛ جیاواز لەوانەی لە مینۆیەکەدا هەیە، دۆندرمەیەکی تایبەتمان هەیەو ناومان لێناوە دۆندرمەی زاگرۆس.

“دۆندرمەی زاگرۆس، جیاوازە لە هەموو دۆندرمەکانی دیکە، لە قەیماغ و هەنگوین و فستق و گیایی چیایی دروست دەکرێت، ئەو دۆندرمەیە بە دەستی دروست دەکرێت و نرخەکەشی دوو هێندەی دۆندرمەی میوەیە”. مەجید شوکری وای وت، باسی لە پلانی نوێی خۆیان دەکات کە دۆندرمەیەکی نوێ دروست بکەن کە بەبێ بەکارهێنانی شیر دروستی بکەن.

جۆرێکی دیکە لەو دۆندرمانەی لە ساردەمەنی ئیتاڵی لە دهۆک دێتە دروستکردن، دۆندرمەی بێ شەکرەو تایبەتە بەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، مەجید شوکری وتی “دۆندرمەی ستیڤیا، جۆرێکی دیکەیە لەو دۆندرمانەی دروستی دەکەین و بەهیچ شێوەیەک شەکری دەستکرد لە دروستکردنیدا بەکار ناهێنین، بەڵکو تەنیا شەکری سروشتی تێدایە، ئەو دۆندرمەیە لە ئیتاڵیاوە بە تایبەت هاوردەی دەکەین”.