ھاوڵاتیانی کەلار بۆ مۆرێک دەڕۆنە سلێمانی

964+

میلاد جەلال-گەرمیان

ئەو ھاوڵاتیانەی کە مامەڵەی دەرھێنانی کارتی زانیاری دەکەن لە کەلار، دەبێت خۆیان فایلەکانیان ببەنە پارێزگای سلێمانی بۆ مۆرکردنی مامەڵەکانیان، بەڕێوەبەری کارتی زانیاریش دەڵێت، ئەو گرفتە چارەسەر دەکەن.

پێشتر بە بەرید مامەڵەکانیان دەنێردرایە سلێمانی، بەڵام نزیکەی 15 رۆژە دوای گۆڕینی بەڕێوەبەرەکەی سلێمانی، ھاوڵاتیان خۆیان مامەڵەکانیان ئەبەن بۆ سلێمانی.

موقەدەم پەروین مەجید بەڕێوەبەری نوسینگەی کارتی زانیاری کەلار بە 964ى وت، ئەو کەسانەی کارتی زانیاری دەردەھێنن، ناوەکەیان ئەدرێت لە کۆمپیوتەر بۆئەوەی بزانن کارتی زانیاری دیکەیان ھەیە یاخود نا، ئەو بەشەش لە کەلار نییە بۆیە دەبێت مامەڵەکانیان بڕواتە سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، قسەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری نوێ کردووە لە ھەفتەی داھاتووەوە پێویست ناکات ھاوڵاتی خۆی بڕواتە سلێمانی، لە رێگەی کارمەندەکانی خۆیانەوە فایلەکانیان دەنێردرێت بۆ سلێمانی، ئەگەر ھاوڵاتیەک بەپەلە بێت ئەوکات خۆی دەتوانێت فایلەکەی ببات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی