وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت رێگری لە وشکبوونی داری دارستانەکان بکات

964+

پێشەوا محەمەد

ماوەی مانگێکە لیژنەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و زانکۆی سەڵاحەدین سەرقاڵی رووپێوین بۆ وشکبوونی داری دارستانەکان و دیاریکردنی هۆکارەکانی.

بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، لەو نموونانەی لە چەند دارستانێکی کوردستان وەریانگرتووە 15% بۆ 19% دارەکانیان وشک بوون.

“هۆکاری وشکبوونەکان ئێمە بە گۆڕانی کەشوهەوای دەزانین، کە بریتییە لە سەرما و گەرمای زۆر، بەتایبەت بۆ ئەو دارانەی لاوازن یان نەخۆشیان هەیە”، ئەوە قسەی هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوانە لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بۆ 964.

دەشڵێت، “دوای رووپێوییەکە ئاماری تەواوی رێژەی وشکبوونەکە رادەگەیەنین و هەروەها لیژنەکە زانستیانە لە هۆکاری وشکبوونەکە دەکۆڵێتەوە و زانستیانەش چارەسەری بۆ دادەنێت”.

بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی راگەیاند، بە پەرۆشەوە لە خەمی وشکبوونی دارەکاندان و پەلەیانە بۆ تەواوبوونی کاری لیژنەکە و گرتنەبەری رێگەی چارەسەر.

هەرێمی کوردستان خاوەنی 35 هەزار دۆنم دارستانی دەستکرد و دوو ملیۆن و نیو دۆنم دارستانی سروشتییە.