میکسەرێک دەرزەنێ سەیارەی دا بەیەکدا
964+
شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر
ئەمشەو لەسەر رێگەی هەولێر – کەسنەزان، کە بە شەقامی کۆیە ناسراوە رووداوێکی هاتوچۆی گەورە روویدا.
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، بەهۆی رووداوەکەوە 13 ئۆتۆمبێل بەیەکیانداداوە، شایەتحاڵانیش بە زیاتر لە 13 ئۆتۆمبێل دەیخەمڵێنن.
یەکێک لە زیانلێکەوتوان لە شوێنی رووداوەکەوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “رووداوەکە لەسەرەوە لای بەنزینخانەی شێر سەریهەڵدا و ئۆتۆمبێلێک لەوێوە بە بێ لایت هاتەخوارەوە و لە چوار تا پێنج سەیارەی دا”.
شایەتحاڵەکە کە پیاوێکی تەمەنداری پرچ سپیە، بە روخسارێک کە هیلاکی پێوە دیارە بە پەیامنێری 964ـی وت، “من لە ئاوێنەکەوە سەیرم دەکرد کە لەو هەموو ئۆتۆمبێلەی دا، کاتێکم زانی کێشای بە منیشدا، منیش خۆم کێشا بە لۆریەکەی بەردەممدا کە بەهۆی بوونی کامێرا بە حاڵ دەجوڵا”.
“لایتی نەبوو هیچی نەبوو بۆیە نەمزانی جۆری سەیارەکە چییە، بەڵام خەڵک وتیان میکسەری چیمەنتۆیە”، شایەتحاڵەکە وای وت.
ئەو دەڵێت، تا لای ئەو پۆلیس حسابی کردووە 13 سەیارە زیانی بەرکەوتووە وبەڵام تا خوارەوە زیاتر لە 13 بووە.
رووداوەکە قەرەباڵغیەکی زۆری لەسەر شەقامەکە دروست کردووە، بەڵام کەس گیانی لەدەست نەداوە و تەنیا یەک کەس بریندار بووە بە سووکی.
بەشێک لە شۆفێران وتویانە نزیکەی 40 بۆ 45 خولەکە لە شەقامەکە گیریان خورادووە.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین