کەمپینێک بۆ قوتابیانی کەمدەرامەت لە خەبات. وێنە :964
ژمارەیەک گەنج پێداویستی قوتابیانی خەبات دابین دەکەن
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ژمارەیەک گەنجی قەزای خەبات، لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەرێگای کەمپینێکەوە پێداویستی و کەلوپەل بۆ قوتابیانی کەمدەرامەت کۆدەکەنەوە.
وارهێل محەمەد، سەرپەرشتیاری کەمپینەکە بە964ی وت، لەگەڵ حەوت کەسی هاوڕێی وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی بۆ ماوەی سێ رۆژ کەمپنێکمان راگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە سێیەم رۆژیەتی.
وتیشی، ئەم کەمپینە بۆ منداڵانی شەهید و کەمدەرامەتی سنوورەکەیە، چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، بۆیە ویستوویانە لەو رێگەیەوە هاوکاری ئەو منداڵانە بکەن و پێداویستییەکانی قوتابخانەیان بۆ دابین بکەن.
بەقسەی وارهێل محەمەد بێت، تاوەکو ئێستا جانتا و قەڵەم و دەفتەر و تەواوی پێداویستیەکانی تری قوتابیان بۆ زیاتر لە 100 قوتابی بنەڕەتی ئامادەکراوە و دوای تەواوبوونی کەمپینەکە بەسەر قوتابیاندا دابەشدەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی