پێویست ناکات هەرێم 182 ملیار دینار پارەی بایەعی بدات بە بەغدا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە بەهۆی رادەستنەکردنی پارەی بەشەخۆراکی 17 ساڵ بە بەغدا، لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 5.9.2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، دادگای باڵاى فیدراڵى عێراق سکاڵایەکی لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان یەکلاکردەوە، کە تایبەت بوو بە رادەستکردنى پارەى بەشە خۆراکى 17 ساڵ و حەوت مانگی هاوڵاتیان بە بەغدا.

ئەگەر بەبێ تانەدان، حکومەتی هەرێم ئەو کەیسەی بدۆڕاندایە، دەبوایە بڕی 182 ملیار دیناری بدایە بە بەغدا.

“بە بەڵگە سەلماندمان لە ساڵى 2004ـەوە ئێمە خۆمان پارەی گواستنەوەی بەشە خۆراکى مانگانەى هەرێمى کوردستانمان بۆ بریکارەکان دابین کردووە و وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی بۆ بەڵێندەرەکان نەناردووە، بۆیە سکاڵاکە رەتکرایەوە”، نەوزاد شێخ کامیل وای وت.

سکاڵاکە تایبەت بوو بە رادەستنەکردنی پارەی ئەو بەشەخۆراکەی کە لەنێوان 1ی کانونی دووەمی 2004 تا 30ی ئەیلوولی 2021 لە هاوڵاتیان وەرگیراوە.

سکاڵاکە لە مانگى ئایارى 2022 لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراکی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دژی وەزیری بازرگانی ھەرێمی کوردستان تۆمار کرابو.

بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک لە هەرێمی کوردستان مانگانە بۆ هەر هاوڵاتییەک 500 دینار وەردەگرن.