کەمئەندامانی سەنگەر لەبەردەم وەزارەتی پێشمەرگە گردبوونەوە

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

ژمارەیەک پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعش کە کەمئەندامی سەنگەرن، لەبەردەم وەزارەتی پێشمەرگە گردبوونەوە.

ئەوان ژمارەیان زیاتر لە 50 پێشمەرگەیە وەک خۆیان دەلێن، “تاوەکو ئێستا لەسەر باجەکانیان وەک هاوڵاتی ئاسایی ناونیشانیان نووسراوە و حسابی کەمئەندامی سەنگەریان بۆ نەکراوە”.

عەلی جەلال، نوێنەری ئەو پێشمەرگانە بە 964ی وت، “بۆ جاری دووەمە گردبوونەوە دەکەین، بۆ چەند داوایەکی کەم، کەزۆر ئاسانە ئەگەر بیکەن، داواکاری سەرەکی ئێمە چاککردنی باجەکانمانە، کە ئەگەر وابڕوات موچەکانمان کەمدەبێتەوە، چونکە وەک خانەنشین حساب دەکرێین نەک کەمئەندامی سەنگەر”.

نوێنەری ئەو پێشمەرگانە ئەوەشی وت، “کاتێک دەچین مووچە وەردەگرین لەگەڵ خانەنشینان وەریدەگرین، هەموومان خاوەن پێداویستی تایبەتین و ناتوانین لەسرەدا بوەستین”.

عەلی جەلال دەڵێت، “چوار مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە قسەمان کرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەری نەبوو”.

بەگوێرەی ئامارەکان ئەوانەی وەک کەمئەندامی شەڕی داعش ناویان تۆمارکراوە، ژمارەیان 176 پێشمەرگە دەبێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سلێمانیش کەمئەندامانی سەنگەر گردبوونەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی