ئاژەڵی کێویان راوکردووە

لە مێرگەپان بە یەکجار چوار راوچی دەستگیر کران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە سنوری مێرگەپان، چوار هاوڵاتی بە تۆمەتی راوکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دەستگیر کران.

راوچییەکانی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر چوونەتە سنووری ناحیەی سورداش و لە گوندی شێخ زەینەڵ خەریکی کوشتنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 4.9.2023، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، ئەو چوار راوچیە دەستگیر کراون و دەستیشگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا.

“هەندێک لە هاوڵاتیان بێ گوێدانە بەرپرسیاریەتی و لەپێناو حەز و ئارەزووی تایبەتی خۆیان، سەرقاڵی قڕکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانن”، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی 500 کەس بە تۆمەتی راوکردنی نایاسایی دەستگیر کراون.