لەبیرت ماوە.. ساڵێک بەسەر لافاوە گەورەکەی تێدەپەڕێت
+964
فەرمان سادق
ئەمڕۆ شەممە ١٧ـی کانونی یەکەم، ساڵێک بەسەر لافاوە مەزنەکەی هەولێر تێدەپەڕی کە ١٥ شوێنی گرتەوەو ١٢ کەسیش گیانی لەدەستدا.
بەرەبەیانی ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ، لە دەرئەنجامی شەپۆڵێکی بارانبارینی بەخوڕ، لافاوێکی ئێجگار گەورە ١٥ شوێن و ناوچەی هەولێری پایتەختی گرتەوە، بەهۆیەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ١٠ مانگان بوو کە چەند مانگێک دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوەو، دوو لە قوربانییەکان هاوڵاتی نیپاڵی بوون.
+964 مەبەستی بوو لەم هەواڵەدا لافاوەکەی پارساڵت بیر بخاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ کە ساڵێک بەسەر لافاوەکەدا تێدەپەڕی، کەشوهەوا لە هەولێر رۆژێکی ئاسایی و خۆرەتاو بوو، بەرزترین پلەی گەرما ١٩ پلە بووەو نزمترینیش حەوت پلە بووە، بێ ئەوەی یەک دڵۆپە بارانیش ببارێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاوکرانەوە لەسەر لافاوەکە، ئەوا لەو لافاوەدا دوو هەزارو ٥٠٩ خێزان ئاو چووەتە ماڵەکانیان، هەروەها ٤٠٢ خانوو زیانیان بەرکەوتووە و دیوارەکانیان رووخاوە یان دەرگا و پەنجەرەکانیان تێکچووە، ٨٦٧ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، ١٥٣ دوکان و مارکێت و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و گەراج زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها زیان بە ژمارەیەکی زۆر زەوی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کەوتووە.