فەرمانبەرانی قەرزی بچووکی گەرمیان: دەیانەوێت بە زۆر بگەڕێینەوە دەوام
964+
هونەر فارس
بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان، فەرمانبەرانی نووسینگەی قەرزی بچوکی گەرمیان دەستیان بە مانگرتن کرد و ئەوانەی قەرزی بچووکیان کردووە، ناتوانن پارەکانیان رادەست بکەن.
فەرمانبەرانی نووسینەگەکە ژمارەیان 18 کەسە و ماوەی پێنج رۆژە 15ـیان نەگەڕاونەتەوە فەرمانگەکە.
964 دەزانێت، لەلایەن بەڕێوەبەری نووسینگەکەوە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان تەلەفون بۆ کارمەندەکان کراوە و داوای گەڕانەوەیان لێکراوە بۆ سەر کارەکانیان، ناوی ئەو فەرمانبەرانەش کە بایکۆتیان کردوە نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی قەرزی بچووکی هەرێم و ئەوانیش بە تەلەفۆن فەرمانبەرانیان ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ دەوام سزا دەدرێن.
یەکێک لە فەرمانبەرەکان کە ناوی لای 964 پارێزراوە، وتی: دوو مانگە موچەمان وەرنەگرتوە و لە دۆخێکی خراپی ژیانکردنداین، کەچی دەیانەوێت بە زۆر بمانگەڕێننەوە بۆ دەوام.
بۆ ئەو مەبەستە 964 پەیوەندی بە ئارام کەریم، بەڕێوەبەری نووسینگەی قەرزی بچووکی گەرمیانەوە کرد، ئەو نکۆڵی لەوە نەکرد کە ویستویەتی بە زۆر کارمەندەکان بگەڕێنێتەوە دەوام.
“ئەوانەی قەرزی بچووکیان وەرگرتوو، شەش مانگ جارێک قەرزەکانیان دەگەڕێننەوە و بەشێکیان دوورەدەستن و رەنگە لە کاتێکدا سەردان بکەن، کە فەرمانبەران بایکۆتیان کردبێت، ئەوان ناتوانن هەموو رۆژ بۆ گێڕانەوەی قەرزەکانیان سەردان بکەن”، ئارام کەریم وای وت.
964 دەزانێت، ئێستا نووسراوی سزادان “غیابکردن” بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە کراوە، کە دەوام ناکەن و بۆ هەر رۆژێک بڕی هەشت هەزار دینار لە موچەکانیان دەبڕێت، کە دوو مانگە چاوەڕێی دەکەن.
داڕشتنەوە: هاوبەش ئەبوبەکر